شێلم Turnips ئەگەرچی لە نیشاستە پێكهاتووە، بەڵام وزەیەكی كەم لەخۆدەگرێت كە سێ جار كەمترە لەو بڕە وزەیەی كە لەهەمان بڕی پەتاتەدایە. شێلم گەلێك ماددەی خۆراكی گرنگ لەخۆدەگرێت بۆ نموونە، ڤیتامین C، ڤیتامین E، ڕیشاڵ، فۆلیك ئەسید، ڤیتامین B5، ڤیتامین B1، ڤیتامین B2، ڤیتامین B3، ڤیتامین B6، كۆپەر، مەنگەنیز، پۆتاسیۆم، مەگنسیۆم. سوودە تەندروستییەكانی خواردنی شێلم بریتین لە: سووككردنی نیشانەكانی هەوكردنی ڕۆماتیزمی جومگەكان لەئاوسان و ئازار و سخبوون، بەهێزكردنی بەرگری لەش بەرانبەر بەنەخۆشییەكان، پاراستنی كۆڵۆن لەتووشبوون بەگرێی شێرپەنجەیی، پاراستنی خوێنبەرەكان لەتووشبوون بەڕەقبوون بەوەی كە ماددە دژەئۆكسانەكانی ناو شێلم دژی ماددە یان كۆلكە سەربەستەكان دەوەستن و نایەڵن كە كۆلیستیرۆلی خراپ LDL بەكرداری ئۆكسان لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا بنیشێت، باشتركردنی تەندروستی سییەكان بەوەی كە هەوكردن و نیشانەكانی هەوكردن سووك دەكات بەتایبەتی هەوكردنی بۆڕی هەوا كە زیاتر لەجگەرەكێشەكاندا بەدی دەكرێت، هەروەها شێلم بەهۆی ڕێژە بەرزەكەی ڤیتامین E ڕۆڵی هەیە لەپاراستنی خانەكانی مێشك لەكزبوونی فرمانەكانیان كە پەیوەستن بە بەساڵاچوون، ئەم ڤیتامینەی كە لەچەوریدا دەتوێتەوە و سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە سوودی تەندروستی تریشی هەیە.