حەبی خەو بەقەد جگەرە زیانبەخشە

حەبی خەو بەقەد جگەرە زیانبەخشە
حەبی خەو Hypnotics ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی نووستن جیاواز لەو دەرمانانەی كە هانی نووستن دەدەن بەڕێگای خاوكردنەوەی جەستە و دەمارەكان. ئەو كەسانەی كە حەبی خەو لەخۆیانەوە یان هەتا بەپێی ڕاچێتەی دكتۆر بەكاردێنن، جا بە بەردەوامی یان ناوە ناوە، ئەگەری مردنیان زیاترە لەو كەسانەی كە دەنكی خەو بەكارناهێنن، هەروەها ئەگەری تووشبوونیان بەشێرپەنجە بەڕێژەی 35% لەكەسانی تر زیاتر دەبێت. ئەو كەسانەی كە بەردەوام حەبی خەو بەكاردێنن، لەڕاستیدا كەسانی نەخۆشن. هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە مەترسی تەندروستی ئەو كاتە زیاترە كە حەبی خەو بۆ ماوەیەكی زۆر بەكاربێت نەك بۆ ماوەیەكی كورت. حەبەكانی خەو كاریگەرییەكی نێگەتیڤ دەكەنە سەر كوالیتی نووستن، ئەو كەسەی كە بەم حەبانە دەخەوێت پاشان كە بێدار دەبێتەوە هەرگیز هەست بەنوێبوونەوەی جەستەیی و دەروونی ناكات كە لەپاش نووستنێكی ئاساییدا هەستی پێدەكات. گەلێك لەحەبەكانی خەو دەبنە ئەگەری ڕاهاتن Addiction، هەروەها زۆربەی حەبەكانی خەو كاریگەری ئەلكهول لە لەشدا زیاتر دەكەن. هەوڵ بدە كە خەوزڕانەكەت بەڕێگای تر دوور لەبەكارهێنانی حەبی خەوێنەر چارەسەربكەیت، بۆ نموونە ڕێكخستنی كاتەكانی خەوتن و بێداربوونەوە، نووستنی یەك پارچە، دووركەوتنەوە لەمەشقی بەدەنی زۆر توند لەكاتی ئێوارەدا، تەرخانكردنی تەختی نووستن تەنیا بۆ نووستن. پێویستە هەرگیز ئەوەش لەبیر نەكرێت كە حەبی خەو هەرگیز چارەسەر نییە بۆ خەوزڕانێكی درێژخایەن.
Top