نزیكەی هەموو جۆركانی ئایس كرێم Ice Cream بەڕێژەیەكی بەرزی شەكر و چەورییە تێرەكان باركراون. ئایس كرێم وزەیەكی بەرز لەخۆدەگرێت، هەروەها لەبەر چێژە خۆشەكەی بۆتە یەكێك لەو خۆراكانەی كە مرۆڤ ڕادەكێشێت بۆ زیاد خواردنی. كەواتە زۆربەی خەڵك ئایس كرێم لەبەر چێژە خۆشەكەی دەخۆن نەك لەبەر بەها خۆراكییەكەی. هەندێك جۆری ئایس خۆراكی تریان لەگەڵدا تێكەڵ دەكرێت وەكو شوكولاتە، كەرەی فستق عەبید Peanut-butter، قەنادی، وردە فستق. تاد، بەمەوە ئاستی وزەی ئایس كرێم هێشتا زیاتر بەرزدەبێتەوە، هەروەها لەبەهای خۆراكییەكەشی كەم دەبێتەوە. زیاد خواردنی ئەم جۆرانەی ئایس كرێم لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی شەكرە و بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن و قەڵەوی زیاد دەكات. پێویستە كە هەرگیز ئەوەمان لەیاد نەچێت كە هەر شتێك بەشێوەیەكی مامناوەندی بێت، ئەوا زیانی كەمتر دەبێت، بۆ ئایس كرێمیش ئەگەر هەر جۆرێك بەكەمی یان مامناوەندی بخورێت، ئەوا زیانێكی ئەوتۆی بۆ تەندروستی نابێت.