كەمی مەگنسیـــۆم لە خۆراكدا

كەمی مەگنسیـــۆم لە خۆراكدا
مەگنسیۆم Magnesium ئەو كانزایەیە كە پێویستە بۆ چەندین كارلێكی زیندەكیمیایی لە لەشدا كە گرنگن بۆ فرمانی دروستی ماسوڵكە و دەرمارەكان. نیوەی ئەو بڕە مەگنسیۆمەی كە لە لەشدایە لەئێسكەكاندا خەزن دەكرێت، نیوەكەی تر لەخانە و شانە و ئەندامەكاندایە. پێویستی ڕۆژانە لەمەگنسیۆم دەگۆڕێ بەگوێرەی تەمەن و ڕەگەز، بۆ نموونە پیاوێكی پێگەیشتوو ڕۆژانە 400-420 ملگم مەگنسیۆمی پێویستە، ئافرەتیش نزیكەی 310-320 میللیگرامی پێویستە. سەرچاوە خۆراكییەكانی مەكنسیۆم بریتین لە: سەوزە گەڵا تاریكەكان وەكو سپێناغ، پاقلەمەنییەكان، كاكڵەكان وەكو گوێز و باوی و كازو، تۆوەكان و دانەوێڵەی تەواو، شوفان Oatmeal، ماست. كەمی مەگنسیۆم لەخۆراكدا گرفتی تەندروستی پەیدادەكات، نیشانەكانی كەمی مەگنسیۆم لە لەشدا بریتین لە: هەستكردن بەهیلاكی و ماندووبوون، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هێڵنج و هەندێك جاریش ڕشانەوە، سڕبوون و تەزین لەپەلەكاندا، ئازار لەماسوڵكەكان، تێكچوون لەڕیتمی لێدانەكانی دڵدا. بەگشتی كەمبوونەوەی مەگنسیۆم لەلەشدا ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی لەكۆئەندامی دڵ و سووڕاندا زیاد دەكات. كەمبوونەوەی مەگنسیۆم ڕوودەدات لەئەنجامی كەمی مەگنسیۆم لەخۆراكدا، وەكو زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، نەخۆشی شەكرە، ڕاهاتن لەسەر خواردنەوەی ئەلكهول، نەخۆشی لەڕیخۆڵەدا بەتایبەتی نەخۆشی كرۆن Crohn>s و نەخۆشی سیلیاك Celiac، ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕیخۆڵە.
Top