لەڕووی كوالیتییەوە، كە سەوزەكان قوتووبەند دەكرێن، ئەوا بەمەستی مانەوەیان بۆ ماوەیەكی زۆر چەندین ماددەی كیمیاییان تێدەكرێت، بۆیە كوالیتیان لەسەوزەی تازە كەمترە. لەڕووی چێژەوە، لەوانەیە كە هەندێك جۆری سەوزەی قوتووبەندCanned vegetables چێژێكی خۆشتر لەهەمان جۆری سەوزەی تازەیان هەبێت، بەڵام هێشتا زۆر لەگەڵ چێژی سروشتیدا جیاوازی هەیە. لەلایەنی ماوەی خۆڕاگری و مانەوە كە شیاو بێت بۆ خواردن Shelf life، زۆربەی سەوزە تازەكان وەكو تەماتە، خاس، برۆكۆلی، كەرەوز، لەماوەی تەنیا 2 ڕۆژدا چرچبوون و كۆنبوونیان پێوە دیار دەبێت هەتا ئەگەر لەناو سەلاجەشدا هەڵبگیرێن، ماوەی خۆڕاگری بەگوێرەی جۆری سەوزەكان دەگۆڕێت، لەلایەكی ترەوە سەوزەی قوتووبەندی وەكو نۆك یان پەتاتە بۆ ماوەی چەند ساڵێك خۆیان ڕادەگرن ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە قوتووەكان لەهەوا بەتاڵ كراونەتەوە و ماددەی پاراستنی سەوزەیان تێكراوە. لەلایەنی بەهای خۆراكییەوە، سەوزەی تازە تەنیا ئەو كاتە بەهای خۆراكی زیاترە لەسەوزەی قوتووبەند كە تازە لێدەكرێتەوە و دەخورێت ئەگینا سەوزەی قوتووبەند هەمان بەهای خۆراكی سەوزەی تازەی هەیە. لەڕووی قەناعەتی خەڵكەوە، سەوزەی قوتووبەند لەپێش سەوزەی تازەدایە، چونكە بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە و بەئاسانی بۆ خواردن ئامادە دەكرێن و دەتوانرێ كە لەهەر شوێنێكدا خەزن بكرێن، هەروەها لەڕووی نرخیشەوە لەسەوزەی تازە هەرزانتر دەوەستن.