خورشتی شەوانە

خورشتی شەوانە
هۆكاری سەرەكی بۆ خورشتی توند لەكاتی شەودا Night itching تووشبوونە بەگەڕیی Scabies كە نەخۆشییەكی پێستی گوازراوەیە بەهۆی مشەخۆرێكی بچووكەوە پەیدا دەبێت. نەخۆشی گەڕیی لەهەموو جیهان و لەهەموو تەمەنێكدا بەدی دەكرێت. ئەم نەخۆشییە بەڕێگای بەركەوتنی ڕاستەوخۆ، بەڕێگای بەیەكگەیشتنی سێكسی یان بەڕێگای هاوبەشیكردن لەجلوبەرگ و پێخەف و خاولی دەگوازرێتەوە. گرنگترین نیشانەی نەخۆشی گەڕیی بریتییە لەخورشتێكی یەكجار سەخت كە زیاتر لەكاتی شەودا ڕوودەدات. مشەخۆری گەڕیی لەپێستدا تونێلی باریك و ناڕێك دروست دەكات كە كۆتاییەكەی دەبێتە بڵۆقێكی بچووك ئینجا قەتماخە دەگرێت، مێیینەی ئەم مشەخۆرە لەناو تونێلەكانی پێستدا گەرا دادەنێت كە پاش ماوەیەك دەبنە مشەخۆری هەراش و تەواو. نەخۆشی گەڕیی پێست بەچەند دەرمانێكی تایبەت چارەسەردەكرێت وەكو لیندێن Lindane و پێرمێترین Permethrin لەژێر چاودێری نزیكی دكتۆر، لەگەڵ شووشتنی لەش و جلوبەرگ و پێداویستییەكانی نووستن لەسەرین و پێخەف بەڕێنماییەكی تایبەت، هەروەها ئەگەر لەخێزانێكدا تەنیا یەك كەس تووشی گەڕیی بووێت پێویستە كە هەموو ئەندامانی ماڵەوە لەیەك كاتدا هەمان چارەسەر وەربگرن. شووشتنی جلوبەرگ و پێداویستییەكانی نووستن بەئاوی گەرم و سابوون ئەنجام دەدرێت، هەندێك جاریش بۆ دڵنیابوون لە لەناوبردنی مشەخۆری گەڕی لەجلوبەرگەكاندا بەكارهێنانی ئوتووی گەرم یان دانە بەر تیشكی خۆری بەهێزی نیوەڕۆ بەتایەبتی لەهاویندا بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك سوودی دەبێت.
Top