نەخۆشی شەكرە و ڤیتامینەكان

نەخۆشی شەكرە و ڤیتامینەكان
تووشبووان بەنەخۆشی شەكرە Diabetes ڕۆژانە لەململانێدان بۆ ڕێكخستنی هاوسەنگی نێوان جۆری خۆراك و خواردنەوەكان و كاتی خواردن لەگەڵ ئاستی شەكری خوێندا، ئەم مەسەلەیە لەڕاستیدا زۆر گرنگە بۆ تەندروستی بۆ ژیانی ڕۆژانە و ئاییندە. لەگەڵ ئەمەشدا، بۆ هەندێك لەتووشبووان پەیڕەوكردنی هەموو لایەنەكانی ئەم مەسەلەیە بەوردی هێشتا بەس نییە بۆ كۆنترۆلكردنی شەكرەیان، بۆیە پێویستییان بەدەرزی ئینسولین Insulin دەبێت. یەكێك لەڕێگاكان بۆ دڵنیابوون لەوەی كە نەخۆشانی شەكرە بڕی تەواو لەڤیتامین و كانزایەكان وەردەگرن بەمەبەستی كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكر لەخوێنیاندا بریتییە لەوەرگرتنی یاریدەدەری خۆراكی Dietary Supplements بەشێوەی دەرمان كە كۆمەڵە ڤیتامین و كانزا و ماددەی تر لەخۆدەگرێت، بەڵام تەنیا لەژێر چاودێری دكتۆردا. لەلێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ڤیتامین D گرنگترین ڤیتامینە بۆ نەخۆشانی شەكرە، كەمی ئەم ڤیتامینە لەنەخۆشانی شەكرەدا ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی لەكۆئەندامی دڵ و سووڕاندا دوو بەرابەر زیاتر دەكات. ئەو خۆراكانەی كە بۆ نەخۆشانی شەكرە ئامۆژگاری دەكرێن ئەوانەن كە ڕۆڵی پۆزەتیڤیان هەیە لەكۆنترۆلی ئاستی شەكری خوێندا، بۆ نموونە: پاقلەمەنییەكان كە ڕێژەیەكی بەرزی ڕیشاڵ و مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم لەخۆدەگرن، سەوزە گەڵا تاریكەكان وەكو سپێناغ و سڵق كە ڕێژەیەكی بەرز لەڤیتامین A و ڤیتامینK و فۆلێت و پۆتاسیۆم و كالسیۆم لەخۆدەگرن، میوە مزرەكان وەكو پرتەقال و لیمۆ كە بڕی باشی ڕیشاڵ و ڤیتامین C لەخۆدەگرن، هەروەها تەماتە، پەتاتەی شیرین، ماسی، دانەوێڵەی تەواو Whole grains، كاكڵەكان Nuts وەكو گوێز و باوی و كازو.
Top