كۆكەی شەوانە

كۆكەی شەوانە
كۆكە Coughing بریتییە لەكاردانەوەی ڕێڕەوەكانی كۆئەندامی هەناسە بەرانبەر بەهەر ماددەیەكی داڕوشێنەر یان وروژێنەر بۆ كۆئەندامی هەناسە. كۆكە لەوانەیە كە وشك بێت، لەوانەشە تەڕ Wet cough بێت واتە دەردراو لەخۆبگرێت. هەر ماددەیەك لەژینگەدا كە وروژێنەر بێت بۆ كۆئەندامی هەناسە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری كۆكە وەكو ڕێگایەكی بەرگری لەش بۆ ڕزگاربوون لەم ماددەیە. ئەگەر تۆ هەستەورەیت لەكۆئەندامی هەناسەدا هەبێت، ئەوا لەوانەیە كە دوكەڵ، ماددەی كیمیایی، جۆرەها هەڵم، تۆز و خۆڵ، هەتا بۆن و سپرای قژ كۆكەت بۆ پەیدا بكەن. ڕەبو Asthma زیاتر كۆكەیەكی وشك پەیدا دەكات لەگەڵ پەیدابوونی دەنگ لەكاتی هەناسەوەرگرتن یان هەناسەدانەوەدا واتە ویزە Wheeze لەسینگدا، بەگشتی ڕەبو باوترین هۆكارە بۆ كۆكەیەكی دەستنیشان نەكراو بەتایبەتی لەكاتی شەودا. ڕوودانی هەوكردن بەبەكتریا یان ڤایرۆس حاڵەتەكە ئاڵۆزتر دەكات و كۆكە توندتر دەكات جا لەهەڵامەتەوە بگرە تا دەگاتە هەوكردنی شانەكانی سییەكان، لێرەدا كۆكە زیاتر تەڕ دەبێت و دەردراوی ڕەنگاوڕەنگ لەخۆدەگرێت. هەر كۆكەیەك ئەگەر پاش وەرگرتنی چارەسەریش بۆ ماوەی پتر لەدوو هەفتە بەردەوام بوو، ئەوا پێویست بەسەردانی دكتۆر دەكات.
Top