خۆراك و دڵەكزێ

خۆراك و دڵەكزێ
دڵەكزێ Heartburn بریتییە لەهەستكردن بەسووتانەوە و گەرمی لەناوچەی سەردڵدا. دڵەكزێ دەبێتە هۆی ناڕحەتی و ئازار لەبەشی خوارەوەی سوورێنچكدا، ناوپۆشی سوورێنچك وەكو ناوپۆشی گەدە بەرگەی ڕێژەی ترشی دەردراوی گەدە ناگرێت، بۆیە لەكاتی گەڕانەوەی ئەم دەردراوە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك لەبەر خواربوونەوەی زمانەی نێوان سوورێنچك و گەدە، ئەوا دەبێتە هۆی سووتانەوە یان برینداربوونی. هۆكارە هاندەرەكان بۆ زیاد دەردانی ترشەڵۆكی گەدە HCL بریتین لە: سركە و ترشیات، خواردنەوە ئەلكهولییەكان، خۆراكی تیژ، خۆراكی زیاد برژاو بەتایبەتی گۆشت، جگەرەكێشان، كافائین. خۆراكە ترشەكان بەشی خوارەوەی سوورێنچك دەسووتێننەوە و ترشێتی گەدە زیاتر دەكەن. شوكولاتە و نەعناع، ئەلكهول، نیكۆتین دەبنە ئەگەری خاوبوونەوەی زمانەی خوارەوەی سوورێنچك كە ئەڵقەیەكی ماسوڵكەییە لەنێوان سوورێنچك و گەدەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی بەشێك لەدەردراوی ترشی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك GERD و سووتانەوەی. بۆ كەمكردنەوەی نیشانەكان، واباشترە كە كەسانی تووشبوو بەدڵەكزێی درێژخایەن دووركەونەوە لەم خۆراكانەی كە دەردانی ترشەلۆكی گەدە زیاد دەكەن، لەگەڵ بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی كە دەردانی ترشەلۆكی گەدە كەم دەكەنەوە یان لەناو گەدەدا هاوسەنگی دەكەنەوە.
Top