سەوزە و میـوە زیاتر بخۆ

سەوزە و میـوە زیاتر بخۆ
خۆراكە ڕووەكییەكان جگە لەپرۆتین، كاربۆهیدرات، ڤیتامین و كانزاكان چەند ماددەیەكی تر لەخۆدەگرن كە زۆر گرنگن بۆ پاراستنی تەندروستی مرۆڤ، هەندێك لەو ماددانە سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە كە بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە. ماددە كیمیاییە ڕووەكیەكان Phytochemicals ئەو ئاوێتانەن كە لەش دەپارێزن لەتووشبوون بەگەلێك نەخۆشی. تا ئێستا زێتر لە900 جۆری ئەم ماددانە ناسراون، هەروەها ڕۆژ لەدوای ڕۆژ جۆری دیكە دەدۆزرێنەوە. هەر خۆراكێكی ڕووەكی ژمارەیەكی زۆری لەم ماددە كیمیاییانەی تێدایە، بۆ نموونە قاپێكی سوپی سەوزەی تێكەڵاو پتر لە100 جۆر لەم ماددە كیمیاییانە لەخۆدەگرێت. ماددە كیمیاییە ڕووەكیەكان ڕۆڵیان هەیە لەپاراستن و چارەسەركردنی بەلای كەم پێنج نەخۆشی كوشندە كە هۆكارن بۆ زۆربەی حاڵەتەكانی مردن لەجیهاندا لەمانە: شێرپەنجە، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی خوێنبەرەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. هەوڵ بدە كە ڕۆژانە بڕێكی باش لەسەوزە و میوە و دانەوێڵە بخەیتە خۆراكتەوە، ئەمەش هێندە قوڕس نییە و كاتێكی زۆریشی ناوێت، بۆ نموونە: سەوزە و میوەی تازە یان فریزبوو یان قوتووكراو، لەجیاتی قاوە و سۆدا شیرەی میوەی سروشتی بخۆ، دەتوانیت میوەی وردكراو تێكەڵ بكەیت لەگەڵ ماست، شیر، كاستەر، كێك، زەلاتە، هەروەها لەگەڵ سوپ و شلەی سەوزەدا، وردە سەوزەی جۆراوجۆر تێكەڵ بكە وەكو گێزەر، تەماتە، بیبەر، سڵق، كەرەوز، بەقدونس، پونگ یان نەعناع، قەرنابیت، بەروبوومە پاقلەییەكان، زەڵاتەی تێكەڵاو بەردەوام لەسەر سفرە دابنێ وەكو تێكەڵاوی خیار، تەماتە، كەلەم، كەرەوز، گێزەر، بەقدونس، كشمش، زەیتوون، بیبەر، خاس، هەوڵ بدە كە میوەی وشككراویش لەماڵەكەتدا نەبڕێت.
Top