زستان و وشكبوونی پێست

زستان و وشكبوونی پێست
ئەگەرچی جۆری پێست لەڕووی چەوری و وشكیدا لەیەكێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازی هەیە، بەڵام كە لەڕاددەی خۆی زیاتر وشك بێت كە دەبێتە هۆی سووتانەوە و قڵیشان و بیرۆ ئەو كاتە دەبێتە حاڵەتێكی نائاسایی و پێویستیی بەچارەسەرەوە دەبێت. وشكبوونی پێست Skin dryness حاڵەتێكی باوە بەتایبەتی لەوەرزی زستاندا لەبەر بەركەوتنی پێست بەهەوای سارد لەدەرەوە و بەهەوای گەرمی ناو ماڵ و ژوورەكان كە دەبنە ئەگەری كەمبوونەوەی ڕێژەی شێداری. سپلیت و تەزووی هەوای گەرم پتر پێست وشك دەكات، دەرەنجام پێست لەبەر ونكردنی تەڕێتی دەقڵیشێت و تفر فڕێ دەدات، پاشان سوور هەڵدەگەڕێت و دەسووتێتەوە و خورشت پەیدا دەكات. زوو زوو خۆشووشتن بەتایبەتی بەسابوونی بەهێز هۆكارێكی ترە بۆ وشكبوونی پێست، هەروەها ئەكزیما Eczema هۆكارێكی ترە. بۆ خۆپاراستن لەوشكبوونی پێست پەیڕەوی چەند خاڵێك بكە وەكو: ڕۆژانە خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو، مانەوە بۆ ماوەیەكی كورت لەگەرماودا، ئاوی زۆر گەرم بەكارمەهێنە، كەمترین سابوون بەكاربێنە بەتایبەتی بۆ دەموچاو و بن كەوش و ناوگەڵ، پێست بەتەواوی و بەنەرمی وشك كەرەوە، بەكارهێنانی ماددەی شێداركەرەوەی پێست لەپاش گەرماودا. ئەگەر ئەم هەنگاوانە بێ سوود بوون، پێویست بەچارەسەری پزیشكی دەكات كە بریتییە لەبەكارهێنانی ماددەی شێداركەرەوە بەتایبەتی ڤیتامین E یان ڤیتامین A.
Top