هۆرمۆنەكان و خەو

هۆرمۆنەكان و خەو
ئایا دەزانی كە تێكچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان لە لەشدا دەبێتە هۆی گرفت لەنووستندا؟ ئەمەش پاساوی ئەوە دەداتەوە كە لەگەڵ بەتەمەن چووندا خەو تێكدەچێت بەشێوەی خەوزڕان، گرفت لەچوونە خەوەوە، زوو بەئاگابوونەوە یان هەستنەكردن بەنوێبوونەوە لەپاش نووستنێكی تەواوی شەودا. لێرەدا، لەوانەیە كە ڕاستكردنەوەی بالانسی هۆرمۆنەكان كلیلی چارەسەر بێت بۆ گرفتەكانی پەیوەست بەنووستن. هۆرمۆنی پرۆجێستیرۆن هەستی هێمنی و هێوربوونەوە پەیدا دەكات ئەگەر بەر لەچوونە ناو جێگا وەربگیرێت، كەمی ئەم هۆرمۆنە هۆكارە بۆ خەوزڕان و هەستكردن بەنیگەرانی. كەمی هۆرمۆنی ئیسترۆجین هۆكارێكە بۆ تێكچوونی خەو و ئارەقەی شەوانە كە لەپاش تەمەنی وەستانی یەكجارەكی عادەدا ڕوودەدات. هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لەپیاودا گرنگە بۆ خەوێكی ئارام و قووڵ، لەگەڵ تەمەن یان دابەزینی ڕێژەی ئەم هۆرمۆنە نووستن ناڕێك دەبێت. هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرەقی كە ئاستی وزە و چالاكی بەرزدەكەنەوە، ڕۆڵیان هەیە لەكوالیتی نووستندا بەوەی كە ماوەی قۆناغی خەوی قووڵ درێژ دەكەنەوە. هۆرمۆنی میلاتۆنین Melatonin بۆ خەوێكی دروست پێویستە، لەش زیاتر لەكاتی شەودا ئەم هۆرمۆنە دەردەدات، لەگەڵ بەتەمەن چووندا ئاستی میلاتۆنین كەم دەبێتەوە، بۆیە خەو گرفتی تێدەكەوێت.
Top