خاس بخۆ

خاس بخۆ
خاس Romaine Lettuce یەكێكە لەسوپەرفوودەكان Superfoods بەوەی كە ڤیتامین و كانزا و ڕیشاڵ و ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت. خاس وزەی زۆر كەم و ڕێژەیەكی بەرزی ئاو لەخۆدەگرێت، هەروەها دەوڵەمەندە بەڤیتامین A بەشێوەی بیتا كارۆتین، ڤیتامین K، ڤیتامین C، فۆلێت، مەنگەنیز، كڕۆم. خواردنی خاس دڵ لەنەخۆشی دەپارێزێت لەو كاتەی كە بیتاكارۆتین و ڤیتامین C بەیەكەوە ڕێگرن لەبەردەم ئۆكسانی كۆلیستیرۆل كە بەناوپۆشی خوێنبەرەكانەوە دەنووسێت و تۆپەڵێكی چەوری دروست دەكات واتە ڕەقبوونی خوێنبەرەكان كە گەلێك جار خوێنبەر بەتەواوی دەگیرێت و چیتر خوێن بەناویدا هاتووچۆ ناكات، بەمەشەوە نۆرەیەكی نەخۆشی دڵ یان جەڵتەیەكی مێشك ڕوودەدات. ڕێژە باشەكەی ڕیشاڵی خاس لەلایەكی دیكە دڵ دەپارێزێت. لەڕیخۆڵەدا ڕیشاڵی خۆراكی لەگەڵ خوێیەكانی زەرداودا Bile Salts یەكدەگرێت و لەش لێیان ڕزگار دەبێت، ئەمەش فشار دەخاتە سەر لەش بۆ دروستكردنی بڕی زیاتری زەرداو، لەش بۆ دروستكردنی زەرداو پێویستی بەتێكشكاندنی كۆلیستیرۆلەوە هەیە، كەواتە دەرئەنجام ئاستی كۆلیستیرۆل لەخوێندا دادەبەزێت. ڕۆڵی فۆلێت Folate هیچی كەمتر نییە لەڕۆڵی ڕیشاڵی خۆراكی، فۆلێت كە یەكێكە لەكۆمەڵەی ڤیتامین B زۆر پێویستە بۆ گۆڕینی ماددەی هۆمۆسیستین Homocysteine كە زیانبەخشە بۆ ماددەیەكی بێ زیان، ماددەی هۆمۆسیستین ڕاستەوخۆ زیان بەخوێنبەرەكان دەگەیەنێت و ئەگەری نەخۆشی دڵ و جەڵتە زیاد دەكات. خاس چونكە بڕێكی باشی لەپۆتاسیۆمی تێدایە ڕۆڵی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن، بۆیە نەخۆشانی پەستانی خوێنی بەرز دەتوانن كە بەخواردنی خاس تا ڕاددەیەك پەستانی خوێنیان دابەزێنن.
Top