بینینی خەونی ناخۆش یان كابوس Nightmare، لێكۆڵینەوەكان دەڵێن كە هەر چەندە خەونی ناخۆش زیاتر لەنێو منداڵاندا باوە، بەڵام بەڕێژەیەكی كەمتر لەگەورەكانیشدا بەدی دەكرێت. كابوس لەكاتی خەوی قووڵ و زیاتر لەكاتژمێرەكانی بەیانی زوودا ڕوودەدات. بابەتەكانی خەونی ناخۆش جیاوازییان هەیە لەیەكێكەوە بۆ یەكێكی تر، بەڵام زۆربەیان چەند شتێكی هاوبەش لەخەونەكانیاندا دەبینن وەكو ئەوەی كە توانای ڕاكردن و دەربازبوونیان لەمەترسی نەمێنێ یان لەكاتی كەوتن لەشوێنێكی بەرزدا. ئەگەر دوچاری كارەساتێكی دڵتەزێن بووبیت، ئەوا لەوانەیە كە زوو زوو خەونی ناخۆش ببینیت كە ڕووداوەكانی نزیك و پەیوەستن بەكارەساتە ڕاستەقینەكە. لەزۆربەی حاڵەتەكاندا كابوسەكان لەخۆیانەوە ڕوودەدەن، بەڵام گەلێك فاكتەر هەیە كە ئەگەری كابوسەكان زیاد دەكەن وەكو خواردنێك لەدرەنگی شەودا، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، پاش وازهێنان لەبەكارهێنانی دەرمانە ئارامبەخشەكان و خواردنەوەی ئەلكهول. كەم خەوتن یان كە یەكێك بەردەوام تێنووی خەو بێت و تێر نەخەوێت لەوانەیە كە خەونی ناخۆش ببینێت. گرفتە دەروونییەكان وەكو پەستی و نیگەرانی، خەمۆكی، گرژی دەروونی پاش كارەسات PTSD. خەونی ناخۆش دەبێتە هۆی كەم نووستن كە دەبێتە ئەگەری هەستكردن بەهیلاكی و ماندووبوون لەكاتی ڕۆژدا، كەمبوونەوەی سەرنج و تەركیز لەماڵەوە یان لەكار یان قوتابخانەدا، كزبوونی كاردانەوەكان بەرانبەر بەبزوێنەرە دەرەكییەكان، لەبیرچوونەوە.