چۆن تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبیت؟

چۆن تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبیت؟
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دوو جۆری هەیە، یەكەمی Primary كە جۆرە باوەكەیەتی و نزیكەی 95%ی حاڵەتەكان پێكدێنێت، دووەمی Secondary كە تەنیا 5%ی حاڵەتەكان پێكدێنێت لەئەنجامی بوونی نادروستی لەئەندامێك یان لەكۆئەندامێكی لەشدا پەیدا دەبێت. ئەگەرچی هۆكاری تەواوی تووشبوون بەجۆرە باوەكەی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەهەندێك حاڵەتدا بەتەواوی نازانرێت، بەڵام لەزۆربەی حاڵەتەكاندا چەندین هۆكار بەیەكەوە دەبنە هۆی تووشبوون لەمانە: بڕی زۆری خوێ لەخۆراكدا كە ڕۆژانە پتر بێت لە5.8 گرام بەتایبەتی لەبەساڵاچووەكاندا، قەڵەوی كە هۆكارێكی زەقی تووشبوونە، مەیلی زگماكی یان جینەكان كە 30% ی حاڵەتەكان پێكدێنێت، پەككەوتنی گورچیلەكان. لەزۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەكانی تووشبوو بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێندا نادروستییەك لەخوێنبەرەكاندا بەدی دەكرێت بەشێوەی زیادبوونی بەرگری خوێنبەرەكان واتە كەمبوونەوەی توانای لاستیكی خوێنبەرە زۆر ورد و بچووكەكانی دوور لەدڵ یان خوێنبەرەكانی دەوروبەر، هێشتا هۆكاری ئەمە نەزانراوە، بەڵام زیاتر لەو حاڵەتانەدا بەدی دەكرێت كە هۆكارەكانی تووشبوونیان بۆ قەڵەوی دەگەڕێتەوە، مەیلی زگماكی، بڕی زیادی خوێ لەخۆراكدا، كەمی مەشقی وەرزشی، بەساڵاچوون.
Top