كەمخوێنی هــۆكارە بۆ قژهەڵوەرین

كەمخوێنی هــۆكارە بۆ قژهەڵوەرین
كەمخوێنی Anemia لەبەر كەمی كانزای ئاسن لەخۆراك و لەشدا بەباوترین جۆری كەمخوێنی لەقەڵەم دەدرێت بەتایبەتی لەكۆمەڵگەی ئێمەدا. لەچەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە پێوەندییەكی بەهێز هەیە لەنێوان كەمخوێنی لەبەر كەمی كانزای ئاسن Iron و هەڵوەرینی قژ Alopecia. كەمخوێنی لەبەر كەمی كانزای ئاسن زیاتر باوە لەئافرەتاندا لەبەر ونكردنی بڕێكی ئاسن لەگەڵ خولی مانگانەدا. لێرەدا جگە لەكەمبوونەوەی گەیشتنی گازی ئۆكسجین بەڕەگەكانی قژ، تووشبوو دوچاری كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن دەبێت كە ئەمەش دەبێتە ئەگەری كەمی ڤیتامینەكان و كەمی كانزای تر، ئەمەش بەدەوری خۆی هۆكارێكی زەقە بۆ زیاد هەڵوەرینی قژ. كانزای ئاسن زۆر گرنگە بۆ لەش، لەهەموو خانەكاندا هەیە، لەگەڵ پرۆتینێكدا بەناوی هیم یەكدەگرێت بۆ پێكهێنانی هیمۆگلۆبین كە زەرورە بۆ گواستنەوەی گازی ئۆكسجین لەسییەكانەوە بۆ هەموو خانەكانی لەش و گەڕاندنەوەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لەخانەكانەوە بۆ سییەكان، هەروەها ئاسن گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی وزە لەلەشدا. لەشی مرۆڤێكی ئاسایی بەتێكڕایی نزیكەی 4 گرام ئاسن لەخۆدەگرێت، لەگەڵ تەواوبوونی تەمەنی خڕۆكە سوورەكانی خوێن كە 120 ڕۆژە، لەش ئاسن ڕیسایكل دەكاتەوە و دووبارە بۆ دروستبوونی خڕۆكەی سووری نوێ سوودی لێوەردەگرێت. سەرچاوەكانی خۆراكیی ئاسن دوو جۆرن: ئاسن لەگەڵ پرۆتینی هیم كە لەگۆشت و ئەندامەكانی ئاژەڵدا هەیە، ئاسن بەبێ پرۆتینی هیم كە لەبەرووبوومە ڕووەكییەكاندا هەیە.
Top