زیادبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن rubra vera Polycyehemia واتە زیادبوونی ڕێژەی هیمۆگلۆبین لەخوێندا كە پتر بێت لە18.5 گرام لەهەر دێسلیترێكی خوێن واتە(114.7%) لەپیاوان و پتر لە16.5 گرام لەهەر دێسلیترێكی خوێن واتە(102%) لەئافرەتدا، ئەم حاڵەتە زۆرجار هیچ نیشانەیەكی تایبەتی نییە، هەندێك جاریش نیشانەكان سادە و سووكن، نیشانەكان بریتیین لە: بێ هێزی گشتی، زوو ماندوبوون Fatigue، سەرئێشە، خورشت لەهەموو پێستدا بەتایبەتی لەپاش خۆشووشتن بەئاوی گەرم Post-bath pruritus، ئازار لەجومگەكاندا، سەرسووڕان، سك ئێشە، هەندێك جاریش گرفت لەمەیینی خوێندا پەیدا دەبێت. لەجۆری دووەمی ئەو حاڵەتەدا كە لەئەنجامی هەندێك نەخۆشیدا پەیدا دەبێت وەكو نەخۆشی درێژخایەن لەسییەكاندا، نیشانەی وەكو هەناسەتەنگی و كۆكە و تێكچوونی خەو لەنەخۆشدا بەدی دەكرێن سەرەڕای نیشانەكانی زیادبوونی ڕێژەی هیمۆگلۆبینی خوێن. هەروەها ئەگەر زیادبوونی ڕێژەی هیمۆگلۆبینی خوێن لەئەنجامی شێرپەنجەی گورچیلە یان شێرپەنجەی جگەردا ڕووبدات، ئەوا جگە لەنیشانەكانی تایبەت بەزیادبوونی هیمۆگلۆبین چەندین نیشانەی تر لەنەخۆشدا دەبینرێن بەشێوەی لاوازبوون یان دابەزینی كێشی لەش و زەردوویی و سك ئێشە. هۆمۆنی ئێرترۆپۆیتین Erythropoietin كە تایبەتە بەهاندانی مۆخی ئێسك بۆ دروستكردنی خڕۆكە سوورەكانی خوێن بەشێوەیەكی سەرەكی لەگورچیلەكاندا و بەڕێژەی 10% لەجگەردا بەرهەم دەهێنرێت، لەحاڵەتەكانی شێرپەنجەی گورچیلەو شێرپەنجەی جگەردا ڕێژەی ئەم هۆرمۆنە زیاتر دەبێت و دەبێتە هۆی زیاد دروستبوونی خڕۆكە سوورەكان لەناو مۆخی ئێسكەكاندا.