پرۆتینەكان Proteins یەكەی بنچینەیی بینای لەشن، پێكهاتووی ئۆرگانی ئاڵۆزن. خانەكانمان، ئەندامەكانمان، ماسوڵكەكان، شانە بەستەرەكان، ئێسكەكانمان بەبێ پرۆتین لەیەكتر دەترازێن. هەموو ئەنزیمەكان كە بزوێنەری زیندە كارلێكە كیمیاییەكانی لەشن لەپرۆتین پێكهاتوون، هەروەها زۆربەی هۆرمۆنەكان لەپرۆتین پێكهاتوون. پرۆتینەكان لەژمارەیەكی زۆری یەكەی بچووكتر پێكهاتوون لەترشە ئەمینییەكان، بۆ نموونە زۆربەی پرۆتینەكانی لەش 200-400 ترشی ئەمین لەخۆدەگرن. لەشی مرۆڤ پێویستی بە20 ترشە ئەمینییە بۆ دروستكردنی پرۆتینەكانی، لەش دەتوانێت كە 13 ترشە ئەمین دروست بكات، بەڵام توانای دروستكردنی 9 جۆری ترشە ئەمینی تری نییە واتە دەبێ تەنیا لەڕێگای خۆراكەوە بگەنە لەش، بۆیە پێیان دەوترێ ترشە ئەمینە زەروورەكان Amino acids Essential. سەرچاوە ڕووەكییەكانی پرۆتین بەبەراورد لەگەڵ لەسەرچاوە ئاژەڵییەكانی پرۆیتین هەندێك لەترشە ئەمەینییە زەرورەكانی تێدا نییە بەتایبەتی لەجۆری لایسین Lycine و میتیۆنین Methionine. هەر لەبەر ئەمەشە كە بوون بەڕووەكی Vegan ئاسان نییە. بەپێی چالاكی بەدەنی و وەرزش بڕی پێویستی ڕۆژانەی پرۆتین بۆ پیاوی پێگەیشتوو دەگۆڕێ، وەرزشكارەكان زیاتر پرۆتینیان دەوێت، جا سەرچاوەی ئەم پرۆتینە ئاژەڵی یان ڕووەكی بێت. گۆشت، ماسی، شیر و بەرهەمەكانی، هێلكە، پاقلەمەنیەكان، باوی و گوێز و كازو، پاقلەی سۆیا، دانەوێڵە سەرچاوەی دەوڵەندن بۆ پرۆتین.