بی ئێم ئای BMI

بی ئێم ئای BMI
یەكێك لەڕێگا باوەڕپێكراوەكان بۆ پێوانەی چەوری لەش و زانینی دروستی كێشی لەش بریتییە لەتێكڕای بارستایی لەش یان بی ئێم ئایBMI . تێكڕای بارستایی لەش واتە دابەشكردنی كێش بە(كیلۆگرام) بەسەر دووجای درێژی باڵادا (بەمەتر). بی ئێم ئای كەمتر لە20كگم \م2 واتە بڕێكی كەمی چەوری لەلەشدا كەمتر لەڕێژەی ئاسایی، ئەگەر تۆ وەرزشكار بیت هیچ گرفتێكت نییە، بەڵام ئەگەر وەرزشكار نەبیت، ئەوا كێشەكەت كەمە كە لەوانەیە بەرگری لەشت دابەزێت، بۆیە پێویستە كە خواردنت باشتر بكەیت و وەرزش ئەنجام بدەیت تاكو بارستایی ماسوڵكەكانت زیاتر بكەیت. بی ئێم ئای لەنێوان 20-25كگم \م2 دا واتە كێشێكی تەواو و تەندروستییەكی باش. بۆ پیاوان 23كگم \م2 و بۆ ئافرەتانیش 22كگم \م2 بەباشترین بی ئێم ئای دادەنرێ. بی ئێم ئای نێوان 25-30كگم \م2 واتە كێشی زیاد كە پێویست بەدابەزاندن دەكات چونكە ئەگەری قەڵەوی لەئارادایە. بی ئێم ئای پیتر لە30كگم \م2 واتە قەڵەوی و ئامادەباشی بۆ تووشبوون بەنەخۆشی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە، بەردی زراو، شێرپەنجە. بی ئێم ئای پتر لە40كگم \م2 واتە قەڵەوی لەڕاددەبەدەر كە پێویستی بەچارەسەرێكی خێرا هەیە، چونكە مەترسی یەكجار زۆری بۆ تەندروستی هەیە. ئەوە ماوە بڵێین كە ئەم پێوانەیە تەنیا بۆ پێگەیشتووان دەبێت، بۆ منداڵان ڕێگای تر بۆ پێوانەكردنی ڕێژەی چەوری لەش بەكاردێن.
Top