نانی سپی قەڵەوت دەكات

نانی سپی قەڵەوت دەكات
ئایا دەزانی كە ئەو ژەمە خۆراكییانەی ڕێژەیەكی بەرزیان لەنان یان سەموونی سپی یان مەعكەرۆنەی سپی تێدایە ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشییەكانی دڵ زیاد دەكەن؟ ئەمە لەچەندین لێكۆڵینەوەدا جەختی لەسەر كراوەتەوە. بەمانایەكی دیكە، زیاد خواردنی هەموو ئەو خۆراكانەی كە لەكاربۆهیدراتی سافكراو Refined یان شەكرەكان دروست دەكرێن و دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشییە كوشندەكان پتر دەكەن. هەروەها دەبنە ئەگەری زیادبوونی كێش، چونكە ڕیشاڵی خۆراكییان تێدا نییە، بۆیە هەستی تێربوون درەنگ دەبەخشن، ئەمەش وات لێدەكات كە بڕێكی زیاتر بخۆیت و درەنگتر هەست بەتێربوون بكەیت. ئەمجۆرە خۆراكانە هەرگیز گونجاو نین بۆ تووشبووان بەنەخۆشی شەكرە بۆ ڕیجیمكردن بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش. نموونەی ئەو خۆراكانەی كە پاش خواردنیان بەماوەیەكی كەم ئاستی شەكری خوێن بەرز دەكەنەوە: برنجی سپی، هەویركارییەكان Pastry و مەعكەرۆنە بەئاردی سپی. ئەمەش لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە لەبەر هۆكاری نادیار ئافرەت بەڕێژەی 3% پتر لەپیاو تووشی نەخۆشی دڵ دەبێت لەئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن. هەوڵ بدە كە لەجیاتی نانی سپی، نان و سەموون یان مەعكەرۆنە و هەویركاری بەئاردی بۆر بخۆیت.
Top