وەستانی عادە و زیادبوونی كێش

وەستانی عادە و زیادبوونی كێش
لەگەڵ تەمەنی وەستانی یەكجارەكی عادە یان خولی مانگانەی ئافرەت Menopause ئاستی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لەهێلكەدانەكانەوە بەتوندی دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە ئەگەری چەندین گۆڕان لەلەشی ئافرەتدا. ئەمە ڕاستییەكی زانستییە كە هۆرمۆنی ئیسترۆجین ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لەكۆنترۆڵكردنی كێشی لەشدا بەوەی كە كاریگەری دەكاتە سەر ئارەزووی خواردن و هەڵبژاردنی جۆری خۆراك و چالاكی فیزیكی لەگەڵ شێوەی دابەشبوونی چەوری و نیشتنی لەشوێنە جیاوازەكانی لەشدا بەتایبەتی لەدەوری كەمەر و كەرشدا. هۆكاری سەرەكی زیادبوونی كێش لەم تەمەنەدا دەگەڕێتەوە بۆ زیاد وەرگرتنی وزە لەخۆراك لەبەر زیادبوونی ئارەزووی خواردن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە لەگەڵ دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجیندا ئارەزووی خواردن زیاتر دەبێت بەتایبەتی بۆ خواردنی شیرینی و چەوری. هۆكارێكی تری زیادبوونی كێش لەم تەمەنەدا دەگەڕێتەوە بۆ كەمبوونەوەی ئاستی چالاكی فیزیكی(بەدەنی)كە هەندێك جار هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی نیشانەكانی پەیوەست بەوەستانی یەكجارەكی خولی مانگانە وەكو زووماندوبوون، خەمۆكی و گۆڕان لەمەزاجدا، خەوزڕان كە دەبێتە هۆی هەستكردن بەهیلاكی لەكاتی ڕۆژدا. هۆكارێكی دیكە بریتییە لەكەمبوونەوەی ڕێژەی میتابۆلیزم لەكاتی حەسانەوەدا RMR بە40-70 كالۆری ڕۆژانە واتە لەش بڕێكی كەمتری وزە سەرف دەكات لەكاتی حەسانەوەدا.
Top