شیر و هەستەوەری

شیر و هەستەوەری
لەچەندین لێكۆڵینەوەدا سەلمێنراوە كە شیری مانگا لەهەموو خۆراكەكانی تر لەهەندێك كەسدا دەبێتە ئەگەری پەیدابوونی هەستەوەری، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆتینی كاسائین Casein كە لەشیر و بەرهەمەكانیدایە، لەلایەكی تردا شەكری شیر یان لاكتۆز Lactose لەهەندێك كەسدا دەبێتە ئەگەری حاڵەتێكی تر بەناوی بەرگەنەگرتنی شیر Milk intolerance كە نیشانەكانی جیاوازن لەنیشانەكانی هەستەوەری بە شیر و بریتییە لەگرفت لەهەرسكردنی شەكری شیر. لەهەردوو حاڵەتدا نیشانەكان لەیەكێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێن، هەستەوەری بە شیر نیشانەی فراوان و گشتی لە لەشدا پەیدادەكات وەكو هەستكردن بەماندووبوون و شەكەتی دەروونی، دەركەوتنی پەڵەی سوور Rashes لەسەر پێستدا، تێكچوون یان قوڕسبوونی هەناسە. نیشانەكانی بەرگەنەگرتنی شیر بریتین لە: ئاوسانی سك لەبەر كۆبوونەوەی گاز لەڕیخۆڵەدا، هەستكردن بەئازار یان ناڕحەتی لەسكدا. ئێستا كێشەی بەرگەنەگرتنی شیر بەتەواوی چارەسەردەكرێت بە بەكارهێنانی شیری بێ لاكتۆز Lactose-free یان بە بەكارهێنانی دەرمان كە ئەنزیمی لاكتێز Lactase لەخۆدەگرن، ئەو ئەنزیمەی بەرپرسە لەشیكردنەوەی شەكری لاكتۆز بۆ شەكری سادەتری وەكو گلوكۆز Glucose و گالاكتۆز Galactose.
Top