ڤیتامین A بۆ تەندروستی پێست

ڤیتامین A بۆ تەندروستی پێست
خۆراكی باڵانس و جۆراوجۆر واتە گەیشتنی ماددە خۆراكییە گرنگەكان بەلەش و پێستێكی تەندروست. ڤیتامین A كە گرووپێك ماددەی گرنگ دەگرێتەوە یارمەتی تەندروستی پێست دەدات. ڤیتامین A چەندین سیفاتی ئەم دەرمانانەی هەیە كە بۆ چارەسەركردنی هەوكردنی پێست و زیپكە بەكاردێن. ئەو جۆرەی ڤیتامین A كە لەسەوزە و میوە ڕەنگاوڕەنگەكاندا هەیە بەناوی كارۆتینۆیدەكانCarotenoids كە كاریگەری دژەئۆكسانی بەهێزیان هەیە واتە توانای لەش زێتر دەكەن بۆ بەرگری و زوو چاكبوونەوە لەهەوكردن و نەخۆشی تر كە دوچاری لەش و پێست دەبنەوە. ئەگەرچی خۆراكە دەوڵەمەندەكان بەڤیتامین A كاریگەرییەكی سیحرییان نییە بۆ چارەسەركردنی هەر گرفتێك و نەخۆشییەكی پێست، بەڵام پێست دەپارێزێت لەكاریگەرییەكانی ڤایرۆس و بەكتریا و ماددە زەهرییەكان، هەروەها پێست لەگۆڕانەكانی پەیوەست بەپیربوون دەپارێزێت. سەرچاوە ڕووەكییەكانی ڤیتامین A بەرزترین ڕێژەی ماددە دژەئۆكسانەكان دابین دەكەن، بۆ نموونە گێزەر یان شیرەی گێزەر، سپێناغی كوڵاو، كاڵەك، سوپی سەوزەی جۆراوجۆر نزیكەی بڕی تەواوی ڕۆژانە لەڤیتامین A بۆ یەكێكی پێگەیشتوو دابین دەكات. ئەو جۆرانەی سەوزە و میوە كە بڕی مامناوەندی لەم ڤیتامینە دابین دەكەن بریتین لە: میوەی مانگۆ، قەیسی، سپێناغی خاو. ئەو جۆرەی ڤییامین A كە لەخۆراكی ئاژەڵییەوە سەرچاوە دەگرێت بەناوی ڕێتینۆل Retinol ئاسانتر هەڵدەمژرێت لەكۆئەندامی هەرسدا، بۆ نموونە گۆشتی مانگا، جگەری مریشك، ئەلبان.
Top