لەهەموو بازاڕەكانی جیهاندا چەندین جۆری كۆمەڵە ڤیتامین و كانزایەكان و ماددە دژەئۆكسانەكان بەشێوەی دەرمان كە بەیارمەتیدەری خۆراكی Supplements Nutritional ناسراون بەئاسانی و بەبێ ڕاچێتەی دكتۆر دەستدەكەون. ڤیتامینەكان و كانزایەكان و ماددە دژەئۆكسانەكان یەكجار گرنگن بۆ تەندروستی، بەڵام كە ڕێژەكەیان لەلەشدا زیاد بكات زیان بەتەندروستی دەگەیەنن. بەر لەبەكارهێنانی ڤیتامین بەشێوەی دەرمان پێڕەوی چەند خاڵێك بكە، بۆ نموونە: دڵنیابە لەوەی كە خۆراكت بەشێوەیەك جۆراوجۆرە كە نزیكەی هەموو ماددە خۆراكییە گرنگەكان لەڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت، ئەگەر گومانت هەبوو ڕاوێژكاری بەپسپۆرێكی خۆراك بكە، دووركەوە لەبەكارهێنانی ئەو جۆرە یارمەتیدەرە خۆراكییانەی كە ڕێكلامەكانیان دوورن لەڕاستییە زانستییەكان، دووركەوە لەیارمەتیدەرە خۆراكییانەی كە تەنیا یەك ماددە لەخۆدەگرن، هیچ جۆرێكی یارمەتیدەری خۆراكی بەبێ زانیاری زانستی باوەڕپێكراو و خوێندنەوەی نووسراوەكان و ڕێنمایی دكتۆر بەكارمەهێنە بەتایبەتی ئەو جۆرانەی كە ڤیتامینەكان و كانزایەكان بەڕێژەی 2-3 جار پتر لەپێویستی ڕۆژانەی كەسانی پێگەیشتوو لەخۆدەگرن، لەكاتی ڕوودانی هەر نیشانەیەك وەكو زیانی لابەلا لەپاش بەكارهێنانی هەر جۆرێكی یارمەتیدەری خۆراك بەزووترین كات ئاگاداری دكتۆر بكەوە.