بەپێی كۆمەڵەی نەخۆشییەكانی دڵی ئەمریكی باشترە كە وەرگرتنی شەكرە زیادەكان ڕۆژانە لە25 گرام(6 كەوچكی كوپ) بۆ ئافرەت و 36 گرام(9 كەوچكی كوپ) بۆ پیاو زیاتر نەبێت. ئێستا زۆربەی خەڵك 4 ئەوەندە یان پتر شەكری زیاد دەخۆن لەرۆژێكدا. زیاد خواردنی شەكرە زیادەكان واتە زیاد وەرگرتنی وزە یان كالۆری بەتاڵ Empty calories كە دەبێتە هۆی قەڵەوی و ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشی دڵ زیاد دەكات. كالۆری زیاد لەشەكرە زیادەكان پێویستی لەش بەماددە خۆراكییە گرنگەكان دابین ناكات. بەپێی ڕێنماییەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، واباشە كە بڕی ئەو وزەیەی كە لەشەكرە زیادەكانەوە وەردەگیرێت هەرگیز زێتر نەبێت لە10%ی كۆی پێویستی وزەی ڕۆژانە. سەرچاوەكانی شەكرە زیادەكان بریتین لە: نوشابەو ساردەمەنییەكان Soft Drinks، قەنادی، كێك، كەعك، حەلوا، شیرەی میوە (دەستكرد و قوتووكراو)، ئایس كرێم، چلوورە، دۆندرمە، بەستەنی، شوكولاتە، سۆدا. شەكرە زیادەكان بەم ناوانە لەخۆراكە دەستكردەكاندا هەن: شەكری بۆر Brown Sugar، شیرینكاری زەرەت Corn، دێكسترۆز، فركتۆز، پوختەی شیرەی میوە، گلوكۆز، هەنگوین، لاكتۆز، ماڵتۆز، شەربەتی جۆ (ماڵت)، شەكری خام، شەكر، شەربەت. شەكرە زیادەكان ئەو شەكرانە ناگرێتەوە كە بەشێوەیەكی سروشتی لەناو پێكهاتەكانی میوە و هەنگوین و ئەلباندان ئەگەرچی هەندێكیان ڕێژەیەكی بەرزیش لەشەكر لەخۆدەگرن.