كام نەخۆشی لە مەلەوانگەكاندا دەگوازرێتەوە؟

كام نەخۆشی لە مەلەوانگەكاندا دەگوازرێتەوە؟
گەلێك لەنەخۆشییەكانی پێست لەكەسانی تووشبوودا بۆ كەسانی تر دەگوازرێنەوە لەڕێگای مەلەوانگەكان. ئەو نەخۆشییانەی پێست كە لەیەكێكی تووشبوو بۆ یەكێكی ساغ دەگوازرێنەوە بریتین لە: هەوكردنە ڤایرۆسییەكانی پێست بۆ نموونە تامیسكە، هەوكرنەكانی بەكتریایی پێست، هەروەها هەوكردنەكانی پێست بەكەڕووی جیاواز Fungus بەتایبەتی كەڕووی ڕەنگاوڕەنگ. ڤایرۆسەكان بەگشتی توانای ژیانیان نییە لەدەرەوەی لەشدا، بۆیە هەوكردنەكانی پێست بەڤایرۆس لەڕێگای ئاوی مەلەوانگەكانەوە ناگوازرێتەوە، بەڵكو تەنیا بەبەركەوتنی ڕاستەوخۆی پێست یان دەردراوەكان لەشوێنی هەوكردندا دەگوازرێنەوە، بەڵام هەوكردنەكانی پێست بەكەڕوو زۆر بەخێرایی دەگوازرێنەوە و دەبنە هۆی پەیدابوونی پەڵەی سپی یان زەردی كاڵ یان قاوەیی كاڵ كە بەچارەسەرێكی پزیشكی زوو نامێنن، هەندێك جاریش پەڵەكان بەشێوەیەكی هەمیشەیی لەپێستدا دەمێننەوە. گرگنترین نەخۆشییەكانی تر كە لەمەلەوانگە گشتییەكاندا دەگوازرێنەوە بریتین لە: دیزەنتری بەبەكتریای شیگێللا Shigellosis، هەوكردن بەبەكتریای ئی كۆلای E.coli، مشەخۆری گیادریا Giardiasis، هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری A. بۆ خۆپاراستن لەتوشبوون یان گواستنەوەی نەخۆشی لەمەلەوانگە گشتییەكاندا، پەیڕەوی چەند خاڵێك بكە، بۆ نموونە هەریگز مەلە مەكە ئەگەر تووشی سكچوون بووبیت، هەرگیز ئاوی ناو مەلەوانگە قووت مەدە، لەشت بەئاو و سابوون بشۆ بەر لەچوونە ناو مەلەوانگە و دەستەكانت بەباشی بشۆ لەپاش بەكارهێنانی ئاودەست، هەرگیز منداڵان مەبە ناو مەلەوانگە گشتییەكانەوە.
Top