سەرمابردن یان گەزەی ساردی

سەرمابردن یان گەزەی ساردی
گەزەی ساردی Frostbite واتە زیان گەیشتن بەپێست و شانەكانی ژێرەوەی پێست بەهۆی بەركەوتنی بەساردییەكی زۆر كە بگاتە سفر پلەی سەدی یان ژێر سفر بۆ ماوەیەكی زۆر. لەكاتی بەركەوتن بەساردی بۆ ماوەیەكی زۆر، پێست ڕەق و سارد دەبێت و ڕەنگی زەرد هەڵدەگەڕێت. ئەگەرچی ئازار لەپێستدا هەستی پێدەكرێت، بەڵام هەستی بەركەوتن لەپێستدا كەم دەبێتەوە. پاشان، شوێنە سەرمابردووەكە سوور هەڵدەگەڕێت و زۆر بەئازار دەبێت. لەوانەیە كە هەر بەشێكی لەش دوچاری گەزەی ساردی بێتەوە، بەڵام پتر لەدەست و قاچەكان و لووت و گوێیەكاندا بەدی دەكرێت. ئەگەر گەزەی ساردی تەنیا پێست و شانەكانی ژێرەوەی پێست بگرێتەوە، ئەوا بۆی هەیە كە پێست بەیەكجاری چاكبێتەوە، بەڵام ئەگەر گەزەی ساردی بۆڕییەكانی خوێن بگرێتەوە، ئەوا چاكبوونەوەی تاڕادەیەكی زۆر زەحمەتە و لەوانەیە كە شوێنەكە دوچاری لاڕەشە Gangrene بێتەوە كە تەنیا بەبڕینەوەی شوێنە سەرمابردووەكە Amputation كۆتایی دێت، هەندێك جار هەتا شانە قووڵەكانیش دەگرێتەوە وەكو ماسوڵكە و ئێسك و دەمارەكان. لەكاتی گەرمكردنەوەی شوێنە سەرمابردووەكە، ئازاری سەخت و سووتانەوە و تەزین هەستی پێدەكرێت، فریاكەوتنی سەرەتایی بریتییە لەگواستنەوەی نەخۆش بۆ شوێنێكی گەرم، گۆڕینی جلە تەڕبووەكان، پاشان چارەسەری پزیشكی بەخێرایی پێویست دەكات كە بریتییە لەبەستانەوەی شوێنە سەرمابردووەكە و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە.
Top