خۆراك بۆ نەخۆشانی پەستانی بەرزی خوێن

خۆراك بۆ نەخۆشانی پەستانی بەرزی خوێن
بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن Hypertension نەخۆشییەكی درێژخایەنە، تا ئێستا چارەسەرێكی یەكجارەكی بۆ نەدۆزراوەتەوە، تووشبوو تا لەژیاندا ماوە پێویستە كە پابەندی پارێزی خۆراك و وەرگرتنی دەرمان و خۆبەسەركردنەوە لەلایەن دكتۆر بێت، ئەگینا دەبێتە ئەگەری ئاڵۆزی تەندروستی گەورە بەمەترسی مردنیشەوە. گەلێك كەس تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبن بێ ئەوەی كە دركی پێبكەن، چونكە لەزۆربەی حاڵەتەكاندا كە هێشتا دوچاری ئاڵۆزییەكان نەبووبن، تووشبوو هەست بەهیچ نیشانەیەك ناكات، بۆیە ئەم نەخۆشییە بەبكوژی بێدەنگ Silent killer ناوزەد دەكرێت. گرنگترین هەنگاوەكانی سروشتی بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێنی بەرز بریتین لە: كەمكردنەوەی كێشی زیادی لەش و چارەسەركردنی قەڵەوی تەنیا لەژێر چاودێری دكتۆردا، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی ڕۆژانە وەكو ڕۆیشتنی خێرا و ڕاكردن یان لێخوڕینی بایسكل، كەمخواردن و كەمكردنەوەی خوێ بۆ كەمتر لە2 گرام ڕۆژانە لەگەڵ كەمكردنەوەی خواردنی ترشیات و ئەو خۆراكە قوتووبەندانەی كە ڕێژەیەكی بەرزی سۆدیۆم یان خوێی شاراوە Hidden salt لەخۆدەگرن بەتایبەتی گۆشتی قوتووبەند، كەمكردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور و ئەندامەكانی ئاژەڵ، زیاد خواردنی میوەكان بەتایبەتی سێو و ترێ لەگەڵ سەوزەواتی جۆراوجۆر، زیاد خواردنەوەی ئاو، دووركەوتنەوە لەجگەرەكێشان چونكە نیكۆتین پەستانی خوێن بەرزدەكاتەوە، دووركەوتنەوە لەتووڕەبوون و گرژی دەمارەكان و هەڵچوون و كاردانەوە دەرووونییەكان، دووركەوتنەوە لەخواردنەوەی قاوە.
Top