دژەئۆكسانەكان بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە

دژەئۆكسانەكان بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە
لەلێكۆڵینەوەكی دەزگای توێژینەوەی شێرپەنجەی ئەمریكیدا هاتووە كە 35%ی شێرپەنجەكان لەبەر جۆری خۆراك ڕوودەدەن. لەمێژە مەسەلەی پێوەندی خۆراك بەشێرپەنجەوە باسی لێوە دەكرێ. توێژینەوەكان دەڵێن كە لەوانەیە خۆراكی كەم چەوری و پڕ لەسەوزە و میوە و ڕیشاڵی ڕووەكی مرۆڤ بپارێزن لەشێرپەنجە، بەڵام هەرگیز یەك جۆرە میوە ئەم ئامانجە ناپێكێت. زیاد خواردنی سەوزە و میوە واتە بڕی باشتر لەڤیتامین، ڕیشاڵی خۆراكی، ڤیتامین C، بیتا كارۆتین Beta Carotene و گەلێك كانزا و ماددەی گرنگی تر كە سیفەتی دژەئۆكسانیان
Anti-Oxidaition هەیە، مرۆڤ دەپارێزن لەچەندین جۆری شێرپەنجە وەكو: شێرپەنجەی سورینچك، شێرپەنجەی گەدە، كۆلۆن، قوڕقوڕاگە، پرۆستات، هەروەها شێرپەنجەی سییەكان، شێرپەنجەی مەمك لەئافرەتدا. هەر لەزووێكەوە و لەسەرەتاكانی هەشتاكاندا پەیمانگای شێرپەنجەی نیشتمانی ئەمریكی لەپرۆگرامی خۆپاراستن لەشێرپەنجەدا هەڵسەنگاندنی تەواوی سەبارەت بەكاریگەری و سەلامەتی ئەم ماددانە بڵاوكردۆتەوە، بۆ نموونە مادەی لایكۆپێن Lycopen كە لەتەماتە و بیبەردا هەیە پیاو دەپارێزێ لەشێرپەنجەی پرۆستات، ماددە فینۆلیكەكان Phenolics و ماددە فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids كە لەسێو و هەنار و گێلاس و ترێ و شووتیدا هەیە مرۆڤ لەنەخۆشی دڵ دەپارێزن. بەهەرحاڵ ئەم ماددانە یەكجار زۆرن كە لەسەوزە و میوە و دانەوێڵەی جۆراوجۆردا هەن وەكو ڕووەكی ڕیشاڵدار، چونكە ڕیشاڵ ماددە شێرپەنجەكارەكان لەڕیخۆڵەدا ڕادەماڵێت و نایەڵێت كە ماوەیەكی زۆر لەوێدا بمێننەوە، سەوزەی پەلكدار و ڕەنگ تاریك، گێزەر، پیاز، سیر، تەماتە و میوەكان بەگشتی، هەروەها دانەوێڵە، شیر، ڕووەكە پاقلەییە وشككراوەكان وەكو فاسولیا، زەیتی یان ڕۆنی پاقلەی سۆیا و ڕۆنی كەتان و چەوری ماسی. ڕیشاڵی ڕووەكی زیاد بخۆ بەخواردنی ڕووەكە پاقلەییەكان و دانەوێڵەی تەواو و میوە.
Top