مەسەلەی بوونی پێوەندییەكی نزیك لەنێوان چەندێتی نووستن و كێشی لەشدا لەچەندین لێكۆڵینەوەدا جەختی لەسەر كراوەتەوە. نووستنی زیاد واتە كەمتر سەرفكردنی وزە، دەرەنجام لەگەڵ ئارەزوویەكی كراوە بۆ خواردن لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری زیادبوونی كێش و قەڵەوی، لەلایەكی تریشەوە نووستنی كەم كە كەمتر بێت لە4 كاتژمێر لەماوەی شەو و ڕۆژێكدا دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش بەڕێژەی 70%، هەروەها نووستن بۆ ماوەی 5 كاتژمێر ئەگەری زیادبوونی كێش بەڕێژەی 50% زیاد دەكات، لەكاتێكدا ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش دەگاتە 20% لەو كەسانەی كە كەمتر لە6 كاتژمێر دەخەون. ئەگەرچی لەش بڕێكی كەمی كالۆری لەكاتی نووستندا دەسووتێنێت، بەڵام كەم خەوتنی درێژخایەن كاریگەری دەكاتە سەر چۆنییەتی مامەڵەكردنی مێشك لەگەڵ ئارەزووی خواردندا. كەم نووستن دەبێتە ئەگەری دابەزینی لێپتین Leptin، ئەو پرۆتینەی كە ئارەزووی خواردن دادەمركێنێت، بەمەشەوە كاریگەری دەكاتە سەر توانای مێشك بۆ دیاركردنی كاتی وازهێنان لەخواردن یان كاتی هەستكردن بەتێربوون. لەهەمان كاتیشدا، كەم نووستن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گرێهلین Grehlin، ئەو هۆرمۆنەی كە وا لەمرۆڤ دەكات كە زیاتر بەئارەزووی كراوە بەردەوام بێت لەسەر خواردن. باشترین ماوە بۆ نووستن لەكەسانی پێگەیشتوودا 7-8 كاتژمێرە لەماوەی 24 كاتژمێردا.