تامیسكە Cold Sore هەوكردنێكی ڤایرۆسییە، دەگوازرێتەوە، دوچاری هەندێك كەس دەبێت و هەندێك كەسی تر لەبەر هۆكاری نادیار تەنیا یەك جاریش تووشی نابن. چەند بڵۆقێكی پەمەیی زەق یان سوورباو، كە زۆر بەئازار و بەخورشتن، شلەیەكی زەردی ڕوونییان تێدایە، زیاتر لەدەوری دەم و لووتدا بەدی دەكرێن. تووشبوون بەهەڵامەت یان ئەنفلوەنزا هۆكاری تامیسكە نییە وەكو ئەوەی كە لەنێو خەڵكیدا باوە، بەڵكو ڤایرۆسێكە بەناوی هێرپیز سمپلێكس Simplex Herpes كە خۆی بەناچالاكی لەناو دەمارەخانەكاندا حەشار دەدات، لەكاتی بوونی وروژێنەرێك تامیسكە پەیدا دەكات. گەلێك هۆكار دەبنە ئەگەری وروژاندنی ڤایرۆسی تامیسكە و سەرهەڵدانی بڵۆقەكان وەكو: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا)، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەورووبەر، بەركەوتنی پێست بەتیشكی خۆری مام ناوەندی یان بەهێز، ترس و گرژی و قەیرانە دەروونییەكان، خوراندن، بەكارهێنانی مووهەڵكێش بۆ دەرهێنانی مووی دەموچاو، ڕیش تاشین بەتایبەتی ئەگەر گوێزان بەچەندین ئاراستە بەكاربێت، بەكارهێنانی كۆلۆنیا و بۆن و بەرام. ڤایرۆسی تامیسكە زیاتر بەماچكردن دەگوازرێتەوە، چونكە جگە لەلێوەكان، ڤایرۆسی تامیسكە لەناو لیكیشدا بەدی دەكرێت. لەگەڵ سووربوونەوە و سەرهەڵدانی بڵۆقەكان و تەقینیان، ڤایرۆسی تامیسكە زیاتر بۆ گواستنەوە ئامادە دەبێت. بەبێ هیچ چارەسەرێك، تامیسكە بەگشتی پاش یەك هەفتە قەتماخ دەكات و چاك دەبێتەوە، هیچ ئاسەوارێكیش جێناهێڵێت. كرێم و دەنكی تایبەت بەم ڤایرۆسە تەنیا لەسەرەتای سووبوونەوەدا سوودیان هەیە و ناهێڵن كە تامیسكەی تەواو سەرهەڵبدات و بڵۆقەكان بەرجەستە بن.