كافائین و سەرئێشە

كافائین و سەرئێشە
سەرئێشە Headache بەبەربڵاوترین كێشەی تەندروستی لەقەڵەم دەدرێت، ڕۆژانە خەڵك هەزاران دەنك یان حەب دژی سەرئێشە بەكاردەهێنن كە چەندین جۆر و بابەتی هەیە. چا یان قاوە ماددەیەكیان تێدایە بەناوی كافائین Caffeine كە تاڕادەیەك مرۆڤ تووشی ڕاهاتن یان خووپێوەگرتن Addiction دەكات كە ئەگەر ڕۆژێك چا یان قاوە نەخوات تووشی سەرئێشە دەبێت و هەست بەوە دەكات كە لەشی ماددەیەكی پێویستە كە ئەویش كافائینە. ئەم سەرئێشەیە زیاتر بەیانیان پاش لەخەو هەڵسان ڕوودەدات، بەڵام پاش خواردنەوەی پیاڵەیەك چا یان فنجانێك قاوە بەماوەیەكی كەم سەرئێشەكەی نامێنێت. ئەم جۆرە سەرئێشەیەی كە بەندە بەخواردنەوەی چا یان قاوە، هەر 4-6 كاتژمێر جارێك دووبارە دەبێتەوە، دەرئەنجام وا لەتووشبوو دەكات كە ڕێژەی یان بڕی خواردنەوەی چا یان قاوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بكات. لێكدانەوەی زانستی بۆ ڕوودانی ئەم جۆرەی سەرئێشە بریتییە لەوەی كە خوێنبەرەكانی مێشك تاڕاددەیەك بەرانبەر بەماددەی كافائین هەستیار دەبن و هەركە ئەم ماددەیە نەگەیشتە ئەم خوێنبەرانە، ئەوا سەرئێشەیەكی تاڕاددەیەك تووند پەیدادەبێت. ئەوەش ماوە بڵێین كە ڕۆژانە خواردنەوەی یەك كوپ چای یان پتر جگە لەوەی كە سەرئێشە لەو كەسانەدا ناهێڵێ، ئەگەری تووشبوونیش بەنەخۆشی دڵ تا ڕاددەیەك كەم دەكاتەوە، چونكە دەبێتە هۆی فراوانكردنی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ.
Top