چاودێری باڵای منداڵەكانتان بكەن!

چاودێری باڵای منداڵەكانتان بكەن!
لەپاش تەمەنی 3 ساڵیدا تا دەگاتە كۆتایی قۆناغی باڵغبوون پێویست دەكات كە ساڵانە چاودێری باڵا و كێشی منداڵ بكرێت. بەگشتی تێكڕای گەشەكردنی باڵا لەیەك ئاستدا نییە، لەدوو قۆناغدا گەشەكردنی باڵا بەشێوەیەكی بەرچاو زیاترە لەكاتەكانی تر، یەكەم لە3 ساڵی سەرەتای تەمەن، دووەم لەقۆناغی باڵغبووندا لەنێوان ئەم دوو قۆناغەدا باڵا بەتێكڕایی ساڵانە تەنیا 6-5 سانتیمەتر درێژ دەبێت. گەشەكردن لەقۆناغی باڵغبووندا نزیكەی 4 ساڵ بەردەوام دەبێت لەگەڵ چەند جیاوازییەك لەنێوان كوڕ و كچدا، بۆ نموونە باڵای كچ بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد دەكات لەسەرەتای قۆناغی باڵغبووندا كەچی باڵای كوڕ چەند سانتیمەترێك زیاد دەكات لەكۆتایی قۆناغی باڵغبووندا. جگە لەدروستی گلاندە كوێرەكان لەدەردانی بڕی تەواوی هۆرمۆنەكان و دروستی ئێسكەكان، هەندێك فاكتەر كرداری گەشەكردنی باڵا تاودەدەن لەمانە: خۆراكی هاوسەنگ بەتایبەتی بڕی تەواوی پرۆتین و كانزای ئاسن و كالسیۆم و ڤیتامین D، وەرزش كە هاوسەنگی نێوان دەروون و جەستە ڕێكدەخات بەمەرجێك وەرزشێكی مام ناوەندی بێت نەك وەرزشی توند و سەخت كە كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت، نووستنی تەواو، چونكە ڕێژەی دەردانی هۆرمۆنی گەشە Growth hormone لەكاتی نووستنی قووڵدا لەگلاندی پتیوتەری زیاتر دەبێت. چارەسەری گونجاو بۆ هۆكارەكانی كزبوونی گەشە لەكاتی گونجاودا ئەنجامی باشی دەبێت.
Top