ئەڤۆكادۆ بۆ كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن

ئەڤۆكادۆ بۆ كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن
لەپاش زەیتوون، ئەڤوكادۆ Avocado دووەم میوەیە كە بەرزترین ئاستی ترشە چەورییە یەكانە ناتێرەكان Monounsaturated fatty acids لەخۆدەگرێت كە سوودی تەندروستی زۆریان هەیە. ڕێژەی پۆتاسیۆم و وزەی ناو ئەڤۆكادۆ 3 ئەوەندە پترە لەوەی كە لەمۆزدایە، هەروەها ئەڤۆكادۆ كانزا گرنگەكانی وەكو ئاسن، كۆپەر، كالسیۆم، مەگنسیۆم، فۆسفۆر لەخۆدەگرێت. لەبەر ڕێژە نزمەكەی سۆدیۆم و شەكر، ئەڤۆكادۆ میوەیەكی گونجاوە بۆ نەخۆشانی شەكرە. ماددە گرنگەكانی تری ئەڤۆكادۆ بریتین لە: ڕیشاڵ، ڤیتامینەكانی A، E، C، كۆمەڵەی ڤیتامین B. ئەگەرچی كە میوەی ئەڤۆكادۆ وزە و چەوری زۆر لەخۆدەگرێت لەچاو میوەكانی تردا، بەڵام ئەمە سەلمێنراوە كە خواردنی ئەڤۆكادۆ بەشێوەیەكی مامناوەندی سوودی زۆری هەیە بۆ كەسانێك كە دەیانەوێت كێشی لەشی خۆیان دابەزێنن. لەلێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە چەوری لەجۆری ترشی ئۆلییك Oleic acid كە لەئەڤۆكادۆدا هەیە بەشێوەیەكی سروشتی ئارەزووی خواردن كەم دەكاتەوە لەڕێگای چالاككردنەوەی ئەو بەشەی مێشك كە بەرپرسە لەهەستكردن بەتێربوون و برسیبوون.
Top