دیوەكەی تری زەردێنەی هێلكە

دیوەكەی تری زەردێنەی هێلكە
دەستەواژەی خۆراكی بێ كۆلیستیرۆل كە لەپاش نەوەدەكان بەزەقی سەری هەڵدا ناوبانگێكی خراپی خستە پاڵ هێلكە. بەڵام، ئایا لەڕاستیدا هێلكە خۆراكێكی تەندروستییانە نییە؟ یان بەشێكی گرنگە لەخۆراكێكی تەندروستییانە؟ ئەوە ڕاستییەكی پزیشكی چەسپاوە كە ڕێژەی بەرزی كۆلیسیترۆل هۆكارە بۆ نەخۆشی دڵ، بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO نەخۆشییەكانی دڵ هۆكاری نزیكەی 30%ی مردنەكان پێكدێنن لەهەموو جیهاندا. لێكۆڵینەوەكان ئەمەیان ڕوونكردۆتەوە كە خۆراكی دەوڵەمەند بەكۆلیستیرۆل دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل لەخوێندا، زەردێنەی هێلكەش یەكێكە لەو خۆراكانە لەو كاتەی كە یەك زەردێنە نزیكەی 200ملگم كۆلیستیرۆل لەخۆدەگرێت ئەگەرچی كە نزیكەی 65% ی چەورییەكانی هێلكە لەجۆری چەورییە ناتێرەكانن Unsaturated، هەروەها چەورییە نێوەندەكانیش لەهێلكەدا بەدی ناكرێن كە ڕێژەی كۆلیستیرۆل لەخوێندا بەرزدەكەنەوە. خواردنی یەك هێلكە ڕۆژانە بۆ یەكێك كە خاوەن تەندروستییەكی باش بێت هەرگیز نابێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆلیی خوێن بەتایبەتی ئەگەر دووركەوێتەوە لەو خۆراكانەی كە ڕێژەی بەرز لەچەورییە تێرەكان و چەورییە نێوەندەكان Trans fats لەخۆدەگرن. هێلكە Eggs پڕە لەماددەی گرنگی وەكو: پرۆیتن، كۆلین Choline، ئاسن، ڤیتامین A، D، E، K، B9، B12، لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە كە وریابیت لەخواردنی هێلكەی خاو، چونكە هەندێكیان هەڵگرن بۆ میكرۆبی سامۆنێللا Salmonella كە لەوانەیە تووشی ژاراویبوونی خۆراكیمان بكات.
Top