كاریگەرییەكانی توندوتیژی سێكسی لەسەر ئافرەتدا

كاریگەرییەكانی توندوتیژی سێكسی لەسەر ئافرەتدا
لاقەكردن یان تەجاوزی سێكسی Rape دژوارترین جۆری توندوتیژی سێكسییە Sexual Violence و لەهەموویان كەمتر ڕاپۆرت دەكرێت، 84%ی ئەو ئافرەتانەی كە دوچاری لاقەكردنی سێكسی دەبنەوە نایدركێنن و خەبەری پۆلیس نادەن. لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا یەك لەهەر 6 ئافرەت دوچاری هەوڵی لاقەكردن دەبنەوە یان لاقە دەكرێن. لە8 حاڵەت لەهەر 10 حاڵەتی لاقەكردندا تاوانبار كەسێكی ئاشنا یان ناسراوە لەلایەن تاوانلێكراودا. كاریگەرییە فیزیكی یان جەستەیییەكان لەقوربانییەكانی لاقەكردنی سێكسیدا بریتین لە: ئازارێكی درێژخایەن لەناوچەی حەوزدا، پشت ئێشە، ئازار لەناوچەی دەموچاودا، سەرئێشە، ناڕێكی لەكۆئەندامی هەرسدا، ئازارەكانی پێش خولی مانگانە، ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانەی كە لەڕێگای سێكسەوە دەگوازرێنەوە بەئایدزیشەوە، ئەگەری دووگیانی لەئافرەتی تەمەن 12- 45 ساڵیدا. كاریگەرییە دەروونییەكانیش بریتین لە: هێدمە(شۆك)، باوەڕنەكردن بەڕووداوەكە، ترس و تۆقین، شێوان و شپرزەیی، پەستی و نیگەرانی، نیشانەكانی سترێسی پاش زەبر PTSD یەكسەر لەپاش تەجاوەزەكە بەشێوەی پەرتەوازەبوونی دەروونی، گرفت لەنووستندا، زوو زوو بیرهاتنەوەی ڕووداوەكە. نزیكەی سێیەكی ئەم ئافرەتانەی كە تەجاوزیان كراوەتە سەر نیشانەكانیان بۆ ماوەی سێ مانگ درێژە دەكێشن یان نیشانەكان دەبنە درێژخایەن. كاریگەرییە كۆمەڵایەتییەكان بریتین لە: تێكچوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ هاوسەر و خێزان و هاوڕێكاندا، ئەگەری فێربوونی جگەرەكێشان، هەروەها زیاد خواردن باوە لەنێو ئەم قوربانییانەدا، هەندێك جاریش ئەم قوربانییانە دەكەونە نێو داوی سێكسفرۆشییەوە Prostitution.
Top