دەرزی بۆتۆكس بۆ لۆچبوونی پێست

دەرزی بۆتۆكس بۆ لۆچبوونی پێست
بۆتۆكس Botox ئەو سیگناڵانەی كە لەدەمارەكانەوە بۆ ماسوڵكەكان دێن بلۆك دەكات، دەرەنجام ماسولكە چیتر گرژنابێتەوە، بەمەشەوە لۆچبوون خاو و نەرم دەبێتەوە و دیار نامێنێت. دەرزی بۆتۆكس زیاتر بۆ لۆچبوونەكانی نێوچەوان و دەوری چاوەكان و هێڵەكانی تەنیشت لووت بەكاردێت. بۆتۆكس بۆ هەموو جۆرە لۆچبوونێكی پێست نابێت، بۆ نموونە ئەو چرچییانەی كە لەئەنجامی كاریگەری تیشكی خۆر و لەئەنجامی كاریگەری هێزی كێشكردنی زەوییەوە پەیدا دەبن سوود لەدەرزی بۆتۆكس وەرناگرن، بۆیە هەرگیز نابێت كە بۆتۆكس بەبێ ڕێنمایی دكتۆر بەكاربێت. نابێت بۆتۆكس بەكاریێت بۆ ئافرەتی دووگیان و شیردەر. لێدانی دەرزی باریكی بۆتۆكس بۆ شوێنی مەبەست تەنیا چەند خولەكێكی پێویستە و هیچ بەنجێكی ناوێت، پاش 3-7 ڕۆژ ئینجا كاریگەری تەواو دەردەكەوێت، نابێت شوێنی دەرزییەكە تا 12 كاتژمێر بشێلرێت. كاریگەری دەرزی بۆتۆكس بۆ ماوەی 4-6 مانگ بەردەوام دەبێت، پاش ئەم ماوەیە فرمانی ماسولكەكان بەرە بەرە وەكو پێشان دەگەڕێتەوە و لۆچبوونەكان دووبارە دەردەكەون، بۆیە بۆ شاردنەوەیان پێویست بەدووبارە بەكارهێنانی دەرزی تر دەكات. زیانە لابەلاكان لەپاش دەرزی بۆتۆكس بریتین لە: سووربوونەوە یان شین و مۆربوونێكی كاتی لەشوێنی لێدانی دەرزییەكە، لەوانەیە كە دەرزی بۆتۆكس ببێتە ئەگەری سەرئێشە كە بۆ ماوەی 1-2 ڕۆژ بەردەوام دەبێت پاشان لەخۆیەوە نامێنێت، خاوبوونەوەی یان كەوتنی پێڵووەكان Ptosis زیانێكی لابەلای ترە كە لەوانەیە لەهەندێك حاڵەتدا ڕووبدات، بەڵام بەگشتی لەماوەی 3 هەفتەدا لەخۆیەوە چاك دەبێتەوە.
Top