بەهای خۆراكی فاسولیای سوور

بەهای خۆراكی فاسولیای سوور
فاسولیای سوور Red beans جگە لەپرۆتین هەردوو جۆری ڕیشاڵی تواوە و نەتواوە، فۆلێت، ڤیتامین B12، مەگنسیۆم، پۆتاسیۆم لەگەڵ چەند ماددەیەكی گرنگی تر لەخۆدەگرێت. فاسولیای سوور ڕۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لەتووشبون بەنەخۆشی دڵ، هەروەها لەچەند لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە خواردنی فاسولیای سوور و پاقلەمەنییەكانی تریش ئەگەری ڕوودانی نۆرەی دڵ بەڕێژەی پتر لە80% كەم دەكاتەوە. فاسولیای سوور ڕێژەیەكی باش لەماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت كە ڕۆڵیان هەیە لەدواخستنی پیربوون Anti-aging و پاراستنی پێست و بەشەكانی تری لەش لەكاریگەرییەكانی ژینگە و خۆراكی ناتەندروستییانە كە دەبنە ئەگەری پەیدابوونی كۆلكە سەربەستەكان Free radicals لەلەشدا كە زیانی زۆر بەتەندروستی دەگەیەنن. فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids گرووپێكی گرنگی ماددە دژەئۆكسانەكانن كە بەڕێژەیەكی بەرز لەفاسولیای سووردا بەدی دەكرێن، ئەمەش بەهای خۆراكییە بەرزەكەی بەفاسولیا بەخشیوە. پرۆتین و كاربۆهێداتە ئاڵۆزەكان و ڕیشاڵەكانی ناو فاسولیای سوور یارمەتی جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێن دەدەن لەگەڵ هێشتنەوەی هۆرمۆنی ئینسولین لەئاستێكی نزمدا، بۆیە فاسولیای سوور خۆراكێكی گونجاوە بۆ كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش بۆ تووشبووان بەنەخۆشی شەكرە.
Top