تالاسیمیا

تالاسیمیا
تالاسیمیا گرووپێك نەخۆشی زگماكی خوێن دەگرێتەوە كە لەیەك سیفەتدا هاوبەشن ئەویش ناتەواوی لەدروستبووونی هیمۆگلۆبیندا، ئەو پرۆتینەی وا لەخرۆكە سوورەكانی خوێن دەكات كە توانای هەڵگرتنی گازی ئۆكسجین و دووانە ئۆكسیدی كاربۆنیان هەبێت. ناتەواوی لەدروستبوونی هیمۆگلۆبین چەند جۆرێكی هەیە، بۆیە نەخۆشی تالاسیمیاش چەند جۆرێكی هەیە. بیتا تالایسمیا Beta thalassemia باوترینی جۆرەكانە و بریتییە لەكەمبوونەوەی یان دروست نەبوونی زنجیرە پرۆتینەكانی بیتای هیمۆگلۆبین. تالاسیمیای گەورە و تالاسیمیای بچووك دوو جۆری بیتا تالایسمیان، لەتالاسیمیای بچووكدا Thalassemia minor تەنیا یەك كۆپی لەجینی بیتا تالاسیمیا هەیە لەگەڵ جینێكی تەواوی زنجیرەی بیتای هیمۆگلۆبین، ئەمانە كەمخوێنییەكی سووكیان هەیە، ئاستی هیمۆگلۆبینیان لەخوێندا كەمێك نزمە هەر وەكو كەمخوێنی لەبەر كەمی كانزای ئاسن وایە. تالاسیمیای بچووك پێویست بەهیچ چارەسەرێك ناكات. تالاسیمیای گەورە Thalassemia major یان كەمخوێنی كوولیز Cooley>s anemia واتە نەخۆش هەڵگری 2 جینی بیتا تالاسیمیایە واتە زنجیرەی بیتای هیمۆگلۆبینی دروست نابێت، بۆیە بەنەخۆشییەكی توند لەقەڵەم دەدرێت. كەمخوێنی گەورەترین نیشانەی تالاسیمیایە، كەمخوێنییەكی سەخت كە ئەگەری تووشبوون بەچەندین نەخۆشی دیكە زیاتر دەكات وەكو هەوكردنەكان. تالاسیمیا چارەسەر دەكرێ بەخوێن گواستنەوەBlood transfusion، دەنكی فۆلیك ئەسید، دەرزی دیسفیرال بۆ ڕێگرتن لەكۆبوونەوەی بڕی زیادی كانزای ئاسن لەلەشدا. چارەسەری جینی Gene therapy هیوای دواڕۆژە بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا.
Top