لەگەڵ دووگیانیدا كێشی لەش 12 كیلۆگرام زیاد دەكات

لەگەڵ دووگیانیدا كێشی لەش 12 كیلۆگرام زیاد دەكات
لەگەڵ گۆڕانە ئاسایی و فسیۆلۆژییەكانی گۆڕانەكانی پەیوەست بەدووگیانی بەتێكڕایی كێشی لەش 12- 15كیلۆگرام زیاد دەكات. لەبەر ئەوەی كە كۆنترۆلكردنی كێشی لەش لەدوا هەفتەكانی دووگیانیدا هێندە ئاسان نییە، بۆیە پێویستە لەسەر ئافرەتی دووگیان كە لەمانگەكانی سەرەتای دووگیانیدا كۆنترۆلی كێشی لەشی خۆی بكات بەپەیڕەوكردنی جۆری خۆراك و جووڵە بەچاودێری دكتۆر. لەهەندێك حاڵەتدا كێشی ئافرەتی دووگیان لەبەر قەتیسبوونی شلە لە لەشدا Fluid Retention زیاد دەكات، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ فشاری منداڵدان بەقەبارە گەورەكەیەوە لەسەر لێشاوی خوێنی گەڕاوە لەقاچەكاندا بۆ دڵ، دەرەنجام گرفتەكە بەشێوەی ئاوسانی قاچ و پێیەكان خۆی پیشان دەدات، پاڵكەوتن لەسەر تەنیشتی چەپدا بۆ ماوەی 30-45 خولەك ڕۆژانە دوو سێ جار لەوانەیە كە ئەم گرفتە سووكتر بكات. زۆربەی ئافرەتە دووگیانەكان دەتوانن كە بەدرێژایی مانگەكانی دووگیانی چالاكی بەدەنی ئاسایی ڕۆژانەیان ئەنجام بدەن. دەكرێ وەرزشی مام ناوەندی وەكو ڕۆیشتنی خێرا یان مەلە ئەنجام بدرێت، وەرزشی توندتری وەكو ڕاكردن هەرگیز بۆ ئافرەتی دووگیان گونجاو نییە. بۆ خۆپاراستن لەزیادبوونی كێشی لەش لەكاتی دووگیانیدا، پێویستە كە ئافرەت دووركەوێتەوە لەچەوری زۆر، خۆراكی خێرا، ساردەمەنییەكان و شەربەت و نوشابە گازدارەكان، شیرینی زۆر، وا باشترە كە ژەمی بچووك پتر لەسێ ژەمی خواردن و زیاتر خۆراكی تەندروستییانە هەڵبژێرێت وەكو دانەوێڵە، ئەلبانی كەم چەور، ماسی، سەوزە و میوەی جۆراوجۆر.
Top