ئاستی شەكری خوێن لەكاتی برسیبووندا

ئاستی شەكری خوێن لەكاتی برسیبووندا
لەكاتی برسیبووندا ئاستی شەكری خوێن Blood sugar دادەبەزێت، ئەمەش نابێتە ئەگەری پەیدابوونی هیچ نیشانەیەك تا نەگاتە ئاستێكی دیاریكراو. دابەزینی ئاستی شەكری خوێن Hypoglycemia كە دەگاتە 45 ملگم یان كەمتر لەهەر دێسلیترێكی خوێندا، ئەوا نیشانەكان لەلەشدا دەردەكەون بەشێوەی هێڵنج، ڕەنگ زەردبوون، هەستكردن بەپەستی و ناڕحەتی، دڵەكوتێ، ئارەقەكردن، دەست لەرزین. خانەكانی مێشك بۆ ڕاپەڕاندنی فرمانەكانیان بەپلەی یەكەم پشت بەگازی ئۆكسجین و شەكری گلوكۆز دەبەستن، دابەزینی گلوكۆزی خوێن دەبێتە ئەگەری برسیبوونی خانەكانی مێشك كە چەندین نیشانە پەیدا دەكات وەكو سەرئێشە، شێوان، تووڕەبوون. لەكاتی تێبینیكردنی ئەم نیشانانەدا خۆراكێكی شیرینی وەكو خورما یان شیرەی میوەیەكی شیرین یان مرەبا بەماوەیەكی كەم ئاستی شەكری خوێن بەرز دەكاتەوە و نیشانەكان كەم دەبنەوە، پاشان ئەگەر نیشانەكان دووبارە سەرهەڵبدەنەوە، ئەوا پێویست دەكات كە دووبارە خۆراكێكی شیرینی تەندروستییانە بخورێت. جگە لەبرسیبوون هۆكارەكانی تری دابەزینی شەكری خوێن بریتین لە: بەكارهێنانی ئینسولین، نەخۆشی جگەر، لابردنی گەدە بەنەشتەرگەری، حاڵەتەكانی پێش سەرهەڵدانی نەحۆشی شەكرە. بۆ خۆپاراستن لەدابەزینێكی سەختی ئاستی شەكری خوێن بەتایبەتی لەتووشبووان بەنەخۆشی شەكرە، پێویستە كە لەژەمەكانی خۆراكدا كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان وەكو نان و نیشاستە و دانەوێڵە زیاتر لەكابۆهیدراتە سادەكان واتە شەكرەكان بخورێن.
Top