بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشی شەكرە

بۆ خۆپاراستن لەنەخۆشی شەكرە
نەخۆشی شەكرە Diabetes mellitus، ئەو نەخۆشییە درێژخایەنەی كە ئەگەر بەباشی كۆنترۆل نەكرێت چەندین ئاڵۆزی پەیدا دەكات و مەترسی دەخاتە سەر تەندروستی، دەكرێت كە بەپەیڕەوكردنی چەند هەنگاوێكی سادە خۆت لەتووشبوون بپارێزیت. سەرەتا خۆت لەشەكرە بپارێزە بەكۆنترۆلكردنی كێشی لەش بەڕێگای پەیڕەوكردنی بەرنامەیەكی بەردەوامی تایبەت بەخۆراك و جوولە یان مەشقی وەرزشی. با تێكڕایی بارستایی لەش BMI هەرگیز لە(25 كگم \مەتر2) زێتر نەبێت، بۆ پیاو 23 و بۆ ئافرەت 22 باشترین پێوانەن. یەكێك هەرگیز جگەرەی نەكێشابێت، یان بەلای كەم بۆ ماوەی 10 ساڵ وازی لەجگەرەكێشان هێنابێت زیاتر پارێزراو دەبێت. لەلایەنی فیزیكییەوە ئاكتیڤ و چالاك بە، ڕۆژانە بەلای كەم بۆ ماوەی 20 خولەك وەرزشێكی سووك و هەفتانە 3 جار وەرزشێكی ئاوا ئەنجام بدە كە ببێتە ئەگەری ئارەقەكردن. با خۆراكت تەندروستییانە بێت، ڕێژەیەكی بەرزی ڕیشاڵ لەخۆبگرێت لەگەڵ دووركەوتنەوە لەچەورییە نێوەندەكان Trans fats و كەمكردنەوەی كاربۆهیدراتە سافكراوەكان و شەكرەكان لەخۆراكی ڕۆژانەتدا. بەكارهێنانی چەورییە ناتێرەكان یان چەورییە باشەكان لەجیاتی چەورییە تێرەكان یان چەورییە خراپەكان لەگەڵ دووركەوتنەوە لەخواردنەوە ئەلكهولییەكان هەنگاوێكی ترە بۆ خۆپاراستن لەتووشبوون بەنەخۆشی شەكرە.
Top