سستبوونی چاوەكان

سستبوونی چاوەكان
لەمرۆڤێكی تەندروستدا، هەر دوو چاوەكان بەیەكسانی و بەڕێكی كاردەكەن. لەنەخۆشی سستبوون یان تەمەڵبوونی چاودا Amblyopia، یەكێك لەچاوەكان بەباشی كارناكات كە پێویستە بۆ سیستمی بینینێكی تەواو لەمێشكدا، مێشك ئەو وێنانە فەرامۆش دەكات كە لەچاوە لاوازەكەوە وەردەگیرێن و تەنیا ئەو وێنانە وەردەگرێت كە لەچاوە بەهێزەكەوە دەگەنە سیستەمی بینین، دەرەنجام بینینی گشتی لاواز دەبێت. زیاتر تەنیا یەك چاو دوچاری تەمەڵبوون دەبێت، بەڵام لەوانەشە كە هەردوو چاوەكان بگرێتەوە. تەمەڵبوونی چاو لەپاش لەدایكبوون تا تەمەنی 7 ساڵی لەهەندێك منداڵدا پەیدا دەبێت. منداڵی تووشبوو لەوانەیە نەزانێت كە تەنیا یەك چاو بۆ بینین بەكاردێنێت، چونكە فەرامۆشكردنی ئەو وێنانەی كە لەچاوە لاوازەكەوە دەگەنە مێشك كاردانەوەیەكی خۆنەویستانەیە كە هەرگیز لەژێر كۆنترۆلی منداڵەكەدا نییە. تەمەڵبوونی چاو زیاتر لەو منداڵانەدا دەبینرێت كە چاوێكیان دوچاری دووربینی یان كورتبینی دەبێت. بەگشتی هیچ نیشانەیەك لەمنداڵە تووشبووەكان بەتەمەڵبوونی چاو بەدی ناكرێت تەنیا ئەوە نەبێت كە لەهەندێك منداڵدا چاوێك بەتەواوی بەهەمان ئاراستە لەگەڵ چاوەكەی تردا ناجووڵێت. تەمەڵبوونی چاو چارەسەردەكرێت بەگرتنی چاوە ساغەكە یان دانانی چاویلكەی تایبەت Penalization بۆ ئەوەی كە مێشك خۆی لەگەڵ چاوە تەمەڵبووەكە بگونجێنێت. وا باشە كە چارەسەركردن بەر لەتەمەنی 6 ساڵیدا ئەنجام بدرێت پێش ئەوەی كە چاو بەتەواوی گەشە بكات.
Top