نانی گەنم

نانی گەنم
نان یان سەموونی گەنم بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە بەوەی كە ڕێژەیەكی بەرزی ڕیشاڵ و كانزاكان لەخۆدەگرێت، لەهەمان كاتدا زوو هەستی تێربوون پەیدا دەكات واتە كەمتر دەخۆیت، دەتپارێزێت لە زیادبوونی كێش و قەڵەوی، هەروەها لە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی دڵ و كۆلیستیرۆلی بەرز. بە گوێرەی ئاردی سپی، لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە ئەو ژەمە خۆراكییانەی ڕێژەیەكی بەرزیان لە نان یان سەموونی سپی یان مەعكەرۆنەی سپی تێدایە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ زیاد دەكەن. بە مانایەكی دیكە، زیاد خواردنی هەموو ئەو خۆراكانەی كە لە كاربۆهیدراتی سافكراو Refined یان شەكرەكان دروست دەكرێن، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە كوشندەكان پتر دەكەن. هەروەها دەبنە ئەگەری زیادبوونی كێش، چونكە ڕیشاڵی خۆراكییان تێدا نییە، بۆیە هەستی تێربوون درەنگ دەبەخشن، ئەمەش وات لێدەكات كە بڕێكی زیاتر بخۆیت و درەنگتر هەست بە تێربوون بكەیت. نان و سەموونی سپی هەرگیز گونجاو نین بۆ تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە و بۆ ڕیجیمكردن بە مەبەستی كۆنترۆلكردنی كێشی لەش، هەروەها بۆ تووشبووان بە نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ CHD. نموونەی ئەو خۆراكانەی كە پاش خواردنیان بە ماوەیەكی كەم ئاستی شەكری خوێن بەرز دەكەنەوە: برنجی سپی، و مەعكەرۆنە بە ئاردی سپی. ئەمەش لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە لەبەر هۆكاری نادیار ئافرەت پتر لەپیاو تووشی نەخۆشی دڵ دەبێت لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن بە ڕێژەی 3%. هەوڵ بدە كە لەجیاتی نانی سپی و هەویركارییەكان Pastry بە ئاردی سپی، نان و سەموون یان مەعكەرۆنە و هەویركاری بە ئاردی بۆر بخۆیت، واتە بە ئاردی گەنم كە بە كرداری سپیكردن و سافكردندا تێنەپەڕیبێت.
Top