نەشتەرگەری جوانكاری سك

نەشتەرگەری جوانكاری سك
نەشتەرگەری گورجكردنی دیواری سك و لابردنی كەرش یان ئەو چینە چەورییەی كە لە ناوچەی سك كۆدەبێتەوە Tummy tuckبە مەبەستی بچووككردنەوەی ورگ دەكەوێتە نێو سنووری نەشتەرگەری جوانكارییەوە نەك بەرنامەی دابەزاندنی كێشی لەش. لاوازبوونی ماسوڵكەكانی دیواری سك و شۆربوونەوەی كەرش لە گەلێك كەسدا جگە لە كاریگەری لەسەر لایەنی جوانی، زۆر جار دەبێتە هۆی پشت ئێشەیەكی بەردەوام. نەشتەرگەری جوانكاری سك زیاتر بۆ ئەو ئافرەتانە سوودبەخشە كە لەبەر زیاد منداڵبوون و دووگیانی جمك یان سییانە ماسوڵكەكانی دیواری سكیان دوچاری لاوز و سستبوون بوونەتەوە و سكیان شۆڕدەبێتەوە. ئەم نەشتەرگەرییە هەندێك جار یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو پیاو و ئافرەتە قەڵەوانەی كە لەپاش پەیڕەوكردنێكی تەواوی ڕیجیم و مەشقی وەرزشی لەژێر چاودێری دكتۆر هێشتا بڕێكی زۆری چەوری لەناوچەی سكدا لەخۆبگرن سەرەڕای سستبوونێكی زۆری پێست لە ناوچەكەدا. پسپۆرانی نەشتەرگەری جوانكاری لەگەڵ ئەوەدان كە نەشتەرگەری جوانكاری سك تەنیا بۆ ئەو كەسانە ئەنجام بدرێت كە كێشی لەشیان ئاساییە و تەنیا گرفتیان بریتییە لە سستبوونی پێست لەسەر سكدا.
Top