كانزای كالسیۆم Calcium جگە لە شیر و بەرهەمەكانی شیر لەچەندین جۆری تری خۆراكدا هەیە. بەگشتی هەموو بەرهەمە ڕووەكییەكان بەتایبەتی گەڵا ڕەنگ سەوزە تاریكەكان بڕێكی باشی كالسیۆم لەخۆدەگرن وەكو سپێناغ، خاس، سڵق، گەڵای ڕووەكی خەردەل. هەروەها كولەكە، كاكڵەكانی وەكو كاكڵی گوێز و باوی و كازو و فستق و بندق، كونجی بڕێك كالسیۆمیان تێدایە. جگە لەمانە، كالسیۆم بەدی دەكرێت لە بەرهەمی ڕووەكی دیكەش وەكو: زۆربەی پاقلمەنییەكان، شیری سۆیا Soy milk. یەك كوپ پاقلەی سۆیا نزیكەی 130 ملگم كالسیۆم لەخۆدەگرێت، دوو كەوچكی گەورە كونجی نزیكەی 80 ملگم كالسیۆمی تێدایە. ئەم بەرهەمە ڕووەكییانە جگە لە كالسیۆم چەندین ماددەی خۆراكی گرنگ لەخۆدەگرن كە كەمتر لە شیر و بەرهەمەكانیدا هەن، بۆ نموونە ڕیشاڵ Fiber، ڤیتامین C، مەگنسیۆم.