هۆكارەكانی گۆڕانی رەنگی نینۆك

هۆكارەكانی گۆڕانی رەنگی نینۆك
گۆڕانی ڕەنگی نینۆك Nail discoloration بۆ ڕەنگی سپی، سوور، ڕەش، زەرد، قاوەیی یان سەوز مانای بوونی نەخۆشییەك لە خودی نینۆك یان لە دەرەوەی نینۆكدا دەگەیەنێت. هۆكاری 50%ی حاڵەتەكانی گۆڕانی ڕەنگی نینۆك بۆ هەوكردن بە كەڕوو دەگەڕێتەوە كە لە هەوا و تۆزوخۆڵ و خاكدا هەیە، بە هەوكردنی كەڕوو ڕەنگی نینۆك دەگۆڕێت بۆ سپی، زەرد یان قاوەیی. هەوكردنی بناغەی نینۆك بە بەكتریای سۆدۆمۆناس Pseudomonas ڕەنگی نینۆك بۆ سەوز دەگۆڕێت. گۆڕانی ڕەنگی نینۆك بۆ سوور یان ڕەش دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەی خوێن لەژێر نینۆكدا لەبەر زەبر یان لەبەر چەقینی نینۆك لە شانەكانی پێستدا. نەخۆشییە درێژخایەنەكانیش كاریگەری دەكەنە سەر شێوە و ڕەنگی نینۆكەكان. نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی جگەر، نەخۆشی گورچیلە، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی سییەكان، ئەمانە هەموویان ڕەنگی نینۆك دەگۆڕن، بۆیە بەشێوەیەكی ڕۆتینی تێبینیكردنی نینۆكەكان دەكرێت لە پشكنینی پزیشكیدا. جیابوونەوەی نینۆك لە بناغەكەی ڕەنگێكی سپی زەردباوی پێ دەبەخشێت. هۆكارەكانی تری گۆڕانی ڕەنگی نینۆك بریتین لە: زەردووی Jaundice، هەستەوەری پێست لە شانەكانی نینۆكدا، كەرووی كاندیدا یان مۆنیلییا، نەخۆشی سەدەف، كەم خوێنی درێژخایەن، بەركەوتنی نینۆكەكان بە بۆیە و مادەی كیمیایی، هەستەوەری دەرمان، بەدخۆراكی، جگەرەكێشان.
Top