خەونی ناخۆش بۆچی دەبینیت؟

خەونی ناخۆش بۆچی دەبینیت؟
كە لە خەوێكی قووڵ ڕادەچەنیت، دڵت دەكوتێت، تووشی هەناسەڕاوكێ دەبیت لەبەر خەونێكی ناخۆش یان كابوس Nightmare هەوڵی دۆزینەوەی هۆكارەكەی بدە بە مەبەستی كەمكردنەوە یان بنبڕكردنیان. خەونی ناخۆش زیاتر لە منداڵاندا بەدی دەكرێت، بەڵام گەورەكانیش بە ڕێژەی2-8% تووشی دەبن. ئەگەر دوچاری كارەساتێكی دڵتەزێن بووبیت، ئەوا لەوانەیە كە زوو خەونی ناخۆش ببینیت كە ڕووداوەكانی نزیك و پەیوەست بن بە كارەساتە ڕاستەقینەكە، بەهەرحاڵ لە زۆربەی حاڵەتەكاندا كابوسەكان لەخۆیانەوە ڕوودەدەن بەبێ هۆیەكی دیار، بەڵام گەلێك فاكتەر هەیە كە ئەگەری بینی خەونی ناخۆش زیاد دەكەن وەكو: خواردنێك لە درەنگی شەودا، هەندێك دەرمان وەكو زیانی لابەلا بۆ نموونە دەرمانەكانی دژی خەمۆكی و دەرمانەكانی پەستانی بەرزی خوێن، هەروەها پاش وازهێنان لە بەكارهێنانی دەرمانە ئارامبەخشەكان و پاش وازهێنان لە خواردنەوەی ئەلكهول، كەم خەوتن یان كە یەكێك بەردەوام تێنووی خەو بێت و تێر نەخەوێت لەوانەیە كە خەونی ناخۆش ببینێت، گرفتە دەروونییەكان وەكو پەستی و نیگەرانی، خەمۆكی، گرژی دەروونی پاش كارەسات (PTSD)، ئازاری قاچەكان لەكاتی نووستندا، هەناسەڕاوكێ لەكاتی نووستندا. هەندێك جاریش كە هیچ هۆكارێك بۆ كابوس نەدۆزرێتەوە، ئەو كاتە خەونە ناخۆشەكان دەبنە بەشێك لە گرفتەكانی نووستن Sleep Disorders كە حاڵەتێكی تایبەتە و لە لایەنی پزیشكیی دەروونییەوە چارەسەر دەكرێت.
Top