بەهای خۆراكی خورمای هیندی

بەهای خۆراكی خورمای هیندی
خورمای هیندی Tamarhindچەندین ترشی میوە و ماددەی گرنگ لەخۆدەگرێت وەكو: ترشی سیتریك(لەیموندوزی)، ترشی تارتاریك بۆیە شیرەی خورمای هیندی ترشترە لە سركە و شیرەی لیمۆترش، شەكری فركتۆز(شەكری میوە) بە ڕێژەی 35%، پۆتاسیۆم، بنێشت، پێكتین Pectin، ڕیشاڵی خۆراكی، ماددە دژەئۆكسانی لیمۆنین Limonin و جیرالیۆن كە ڕۆڵیان هەیە بۆ ڕێگرتن لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەكانی مەمك. هەروەها خورمای هیندی ماددەی گرنگی تری تێدایە كە دژی ئازار كاردەكەن و پلەی گەرمی لەش دادەبەزێنن لەكاتی تا بەوەی كە هانی كرداری ئارەقەكردن دەدەن. خورمای هیندی جگە لە بەها خۆراكییەكەی، تامێكی ترشی هەیە بۆیە بۆ خۆشكردنی چێژی خۆراكیش سوودی لێ وەردەگیرێت. لە ڕۆژەكانی گەرمی هاویندا، خورمای هیندی لەگەڵ ئاو و هەندێك شەكر تێكەڵ دەكرێت، خواردنەوەی ئەم شیرەیە سەرەڕای تینوو شكاندن مرۆڤ دەپارێزێت لە خۆربردن و پلەی گەرمی بەرزی لەش دادەبەزێنێت. پێكهاتە گرنگەكانی خورمای هیندی دژی بەكتریا كاریگەرییان هەیە، لەبەر ئەوە گیراوەی خورمای هیندی وەكو غەرغەرەی دەم بەكاردێت لە حاڵەتەكانی هەوكردنی لەوزەكان. سوودەكانی تری خورمای هیندی بریتین لە: یارمەتیدانی هەرسكردنی خۆراك. هاندانی فرمان و چالاكی جگەر دەدات و دژی زەردوویی كاردەكات، سووككردنی نیشانەكانی نەخۆشییەكانی بۆری هەناسە لە كۆكە و هەناسەتەنگی، باشتركردنی كاری گورچیلەكان بۆ دەردانی قوم و بەردی بچووك، هێوركردنەوەی دەمارەكان و سووككردنی ئازاری شەقەسەر و جۆرەكانی دیكەی سەرئێشە.
Top