چێوەی كەمەرت چەندە؟

چێوەی كەمەرت چەندە؟
چەوری كەرش و ناوچەی سك بە گشتی مەترسی هەیە بۆ تەندروستی پتر لە كۆبوونەوەی چەوری لە شوێنێكی دیكەی لەشدا. پێوانەكردنی تێكڕای بارستایی لەش Body mass index باشترین رێگەیە بۆ زانینی كێشی دروستی خۆت، تێكڕای بارستایی لەش بریتییە لە دابەشكردنی كێش بە كیلۆگرام بەسەر درێژی باڵا بەمەتر توان دوو. تێكڕای بارستایی لەش بە پێوانەی 25- 29.9 كگم/مەتر2 واتە كێشی زیاد كە هێشتا نەكەوتۆتە ناو سنووری قەڵەوییەوە، تێكڕای بارستایی لەشی پتر لە 30 كگم/مەتر2 واتە قەڵەوی. هەروەها پێوانەی چێوەی كەمەریش تا راددەیەكی زۆر جێگەی متمانەیە بۆ دیاركردنی كێشی زیاد و قەڵەوی لە پیاو و ئافرەتدا، بۆ نموونە چێوەی كەمەر ئەگەر پتر بێت لە 102 سانتیمەتر بۆ پیاوان و پتر بێت لە 88 سانتیمەتر بۆ ئافرەتان مانای قەڵەوی دەبەخشێت. چەوری كەرش Fat Belly زۆر گرنگە كە باسی خراپیە تەندروستیەكانی قەڵەوی دەكرێت، لە راستیدا چێوەی كەمەر و چۆنیەتی دابەشبوونی چەوری لە لەشدا زۆر گرنگترە لە كێشی لەشت لەكاتی پێشبینیكردنی خراپیەكانی قەڵەوی بۆ سەر تەندروستی. شێوەی سێو Apple Shape واتە زیاتر خڕبوونەوەی كێش لە دەوری كەمەر و سكدا كە زۆر جار پێی دەگوترێ چەوری ناو سك یان دابەشبوونی چەوری بە شێوەیەكی مەركەزی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زیاتر دەكات وەكو: نەخۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ، شەكرە.
Top